رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی قۆناخی داهاتووی عێراق بە "مەترسیدارترین" لە دوای ساڵی 2003ـەوە ناودەبات. لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان دەڵێت: "پێویست بوو عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵا لەسەر ئێران تۆماربکات و داوای قەرەبووکردنەوەش بکات."
رۆژی یەکشەممە 9-10-2022، میسال ئالووسی، سەرۆكی پارتی ئوممەی عێراقی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد. لەبارەی بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان گوتی، "رژێمی ئێران گیاندەدات، هاوپەیمانەکانی لە سووریا، عێراق و لوبنان کێشەی مان و مردنیان هەیە، بۆیە هەوڵدەدات قەیران و کارەساتەکانی نێوخۆیی هەناردەی دەرەوە بکات."
سەبارەت بە هەڵوێستی عێراق لە دژی ئێران و مووشەکباران و هێرشە درۆنییەکانی ئەو وڵاتە و تۆپبارانی سنوورەکان، کە دەگوترێت بە بەراورد بە هەڵوێستەکانی لەبارەی هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا لاوازە، میسال ئالووسی دەڵێت: "مافی ئەوەمان نییە داوا لە هاوپەیمانان و پاشکۆکانی ئێران بکەین هەڵوێستی تووندی عێراقییانەیان هەبێت، گوتیان پەرلەمان کۆدەبێتەوە گوایە گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکات، ئەمە نەنگی و شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ دیموکراسییەتی عێراقی کە پەرلەمانی عێراق داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات. ئەمە فێڵکردنێکە لە خۆمان و میللەت."
بەگوتەی سەرۆكی پارتی ئوممەی عێراقی، "پێویست بوو عێراق بڕیارێک بە سیفەتی یاسا لە پەرلەمانەوە دەربکات و دەوڵەتی عێراق پابەندبکات بە داواکردن لە ئێران بە راگرتنی ئەو دوژمنکارییانە و سکاڵاکردن لە ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ئەو هێرش و پەلامارانە و بەتاوان بیناسیبا. هەروەها ئێرانیشی بە قەرەبووکردنەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق پابەندکردبا."
رۆژی دووشەممە 10-10-2022، ساڵێکی تەواو بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت و هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە؛ ناکۆکیی نێوان لایەنەکان گەیشتووەتە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری؛ هەروەها چوونە نێو پەرلەمان و پەکخستنی کارەکانی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ.
سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی کە بە یەکێک لە سیاسەتمەدارە سەرسەختەکانی دژ بە گرووپە چەکدارەکان و توێژی حوکمڕانی شیعەی دوای ساڵی 2003 هەژمار دەکرێت، لەبارەی پرسی میلیشیاکانی عێراقەوە دەڵێت: "پرسێکی مەترسیدارە، ئێمەی نیگەرانکردووە وەکو هاووڵاتی و وەکو سیاسەتمەداران، هەموو جیهان بە ترس و نیگەرانیی و دوودڵییەوە تەماشا و چاودێریی دۆخەکە دەکات، بۆیە ژمارەیەک وڵاتی رەسەن و گەورە لەوانە بەریتانیا، هۆڵەندا، کەنەدا و هی دیکەش رێنمایی تایبەتیان لەمبارەیەوە دەرکردووە و هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییان بەوەی گەشت نەکەن بۆ عێراق و ئەوانەشی لێرەن عێراق بەجێبهێڵن جگە لە هەرێمی کوردستان نەبێت."
بە بڕوای میسال ئالووسی، ئەوەی لەوەش مەترسیدارترە ئەوەیە: "سەرکردەی میلیشیاکان ئەوانەی تۆمەتبارن بە خوێنڕشتن و نانەوەی ئاشووبی نێوخۆیی بوونە پەرلەمانتار، ئەوانە نابێت نوێنەرایەتی گەلی عێراق بکەن، بۆیە پەرلەمانی ئێستا ناتوانێت نوێنەرایەتی گەل و عێراق بکات، ئەمە بەڵگەیەکە لەسەر مەترسیداریی قۆناخی داهاتوو؛ لە رابردوودا هەڕەشەی چەکەکانمان بینی لەسەر پەرلەمان و بۆردوومانکردنی."
ماوەی چەند رۆژێکە لە بەسرە و زیقار شەڕی چەکداری گرووپە چەکدارەکانی سەرایا سەلامی سەر بە سەدرییەکان و ژمارەیەک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی و بەدیاریکراوی عەسائیبی ئەهلی حەق خەڵکی ئەو ناوچانەی نیگەرانکردووە و باس لە یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتی گرووپەکان لەسەر ئەو ناوچانە و داهاتەکانی ئەو پارێزگایانە دەکرێت.
سەرۆکی پارتی ئوممە ئەوەش ئاشکرا دەکات: "قۆناخی داهاتوو مەترسیدارترین قۆناخە لە دوای ساڵی 2003، چونکە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە قۆناخی داهاتوو قۆناخی دوای دەوڵەتە، دەوڵەت لە عێراقی کۆتایی پێهات، دەوڵەت کەوت، سیستم کەوت، ئێستا ئێمە لەنێوان دوو رێگاداین یان سەرلەنوێ دەستبکەینەوە بە دروستکردنەوەی دەوڵەت و دامەزراندنی حکومەتێکی دادپەروەر و خۆشگوزەرانکردنی گەلی عێراق، یان چوونە نێو قۆناخی ململانێ و شەڕ و جەنگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، ئەگەر سەرکردەکانی گەندەڵی و میلیشیاکان دروستکردنەوەی دەوڵەتیان بویستبا ئەو کارانەیان نەدەکرد کە دەیکەن."
ئالووسی کە بەهۆی رەخنەکانییەوە لە ئێران و گرووپە چەکدارەکان چەندین جار رووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەتەوە و لە دوای ساڵی 2003 دووجار بووەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، داوای بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی عێراق دەکات و دەڵێت: "دەبێت کار بکەین بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی عێراق و سەروەریی عێراق و پرسی وڵات ببەینە نێو ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە بپارێزرێت، ئەگەرنا لە قۆناخی داهاتوو هەموومان لە ژێر مەترسیی زۆری میلیشاکانی سەر بە ئێران دەبین کە هەموو شت دەسووتێنێت."
سەبارەت بە گەڕانەوەی تاریق هاشمی بۆ عێراق وەکو دەگوترێت لە چوارچێوەی داواکارییەکانی سوننەکان و هاوپەیمانیی سەرەوەرییە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو، سەرۆکی پارتی ئوممە گوتی: "زانیارییم نییە، بەداخەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ