عێراق لە رۆژی دەنگدان فڕۆکەی F16 بەکاردەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاسمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، رۆژی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021 فڕۆکەکانیان لەنێویاندا فڕۆکەی F16 لە ئاستێکی نزم لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراق دەفڕن و دەڵێت، "خەڵک نەترسێت ئەو فڕینانە بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکانە"، هەروەها رایدەگەیێنێت لە رۆژی دەنگدانی تایبەت حەوت جۆر فڕۆکەیان بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن تەرخانکردبوو.
 
هێزە ئاسمانییەکانی عێراق کە رۆژی دەنگدانی گشتی بە ژمارەیەک فڕۆکە ئاسمانی عێراق دەپارێزن، دەڵێت، ئەو دەرچوون و فڕینانەیان بۆ دابینکردنی ئارامیی زیاترە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.
 
لە رۆژی دەنگدانی تایبەت 8/10/2021، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێزە ئاسمانییەکان عێراق 89 فڕینییان  بە ئاسمانی عێراق لە 12 پارێزگا هەبووە ئەوانیش پارێزگاکانی "بەغدا، بەسرە، ئەنبار، نەجەف، موسەننا، سەلاحەدین، نەینەوا، میسان، زیقار، کەرکووک، قادسییە، دیالە."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق لە سوپای عێراق لە رۆژی دەنگدانی تایبەت زیاتر لە 80 یەکەیان جووڵە پێکردووە و بەمشێوەیە بووە:
 
1- فڕۆکەی F16 :  کۆی گشتی 32 فڕینیان لە 10 پارێزگا کردووە، ئەوانیش پارێزگاکانی "بەغدا، بەسرە، موسەننا، سەلاحەدین، نەینەوا، میسان، زیقار، کەرکووک، قادسییە، دیالە."
 
2- فڕۆکەی L-159: کۆی گشتی 12 فڕینیان هەبووە.
 
3- فڕۆکەی SU25: هەشت فڕینیان هەبووە.
 
4- فڕۆکەی C130J: بە گشتی دەرچوونیان هەبووە، ژمارەیەک لە هێزەکانیان گواستووەتەوە لەگەڵ گواستنەوەی ژمارەیەک لە سندووقەکانی دەنگدان.
 
5- فڕۆکەی King Air 350: سێ دەرچوونیان هەبووە لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف.
 
6-فڕۆکەی Cessna: دوو فڕینیان هەبووە لە نزیک عوزێم و ناحییەی بەلەد.
 
7- فڕۆکەی An-32 : شەش فڕینیان هەبووە و ئەرکیان گواستنەوەی مەوادی لۆجیستی بووە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
 
8- فڕۆکەی Cessna: سێ فڕینیان هەبووە و بۆ گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان بووە.