نووسینگەی کازمی: کاروباری ئەمنیی شنگال لە دەست حکومەتی فیدراڵی دەبێت و بواری خزمەتگوزاری هاوبەش دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا لەباری رەوشی شنگالەوە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ئامانجی رێککەوتنەکە ئەوەیە خەڵکی شنگال لە ئاسایش و ئارامیدا بژین. نووسینگەی کازمیش دەڵێت، کاروباری ئەمنیی شنگال لە دەست حکومەتی فیدراڵی دەبێت و بواری خزمەتگوزاری هاوبەش دەبێت.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، "رێککەوتنێکی باش بوو و کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و هیوادارم ئەنجامەکانیشی باش بن و لە ئەنجامدا ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و لایەنی ئیداری و ئەمنی و سەربازی ئاسایی بکرێتەوە. ئامانجەکەیش ئەوەیە خەڵکی شنگال لە ئاسایش و ئارامیدا بژین".
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی رێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی رەوشی قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسان لە حکومەتی فیدراڵی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کازمی جەختی لە تەواوکردنی رێکەوتنەکە لەسەر پرسی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال کردووەتەوە کە دەتوانێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەزاکە خێراتر و ئاسانتر بکات.
زانیاریی زیاتر بزانە لەگەڵ پەیامنێری رووداو لە بەغدا:
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کازمی باسی لەوە کردووە کە رێککەوتنەکە لە کەشێکی لێکتێگەیشتن و برایانەدا لە چوارچێوەی
دەوڵەتی فیدراڵیدا کراوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی باشی دەبێت، سەرەتایەکیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو ئەو ناوچانەی فرەیی رەچەڵەک و ئایینییان تێدایە لە عێراق.
کازمی روونیشی کردووەتەوە، یاسا دەتوانێت بنەماکانی دەوڵەتێکی بەهێز دروست بکات کە هاوڵاتیبوون تێیدا بەرقەرابێت و فرەیی ئایینی و رەچەڵەکی بپارێزێت و گوتویەتی: "دەست لەم بنەمایە هەڵناگرین، چونکە پەیوەندیدارە بە ئاییندە و یەکپارچەیی عێراقەوە و دواکەوتن لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شنگال لەسەر حیسابی خەڵکی شنگال بووە کە قوربانیی دەستی داعشن و ئەمڕۆش کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییان هەیە."
هەروەها کازمی باڵێنی داوە حکومەت هەموو هەوڵێک بدات بۆ گەڕان بەشوێن رفێندراوانی کوردانی ئێزدیدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، حکومەتی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی دروست بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خەڵکی شنگالدا دەبێت. جەختیشی کردووەتەوە کە حکومەت سوورە لەسەر ئەوەی شنگال گرووپی چەکداریی تێدا نەبێت، ئەگەر ناوخۆیی بێت یان ئەوانەی لە دەرەوەی سنوورەوە هاتوون و گوتویەتی کە ئاسایشی رۆژئاوای نەینەوا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە.
کازمی جەختیشی کردووەتەوە کە عێراق رەتیدەکاتەوە خاکی لەلایەن گرووپی چەکدارییەوە بەکاربهێندرێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر دراوسێکانی، ئەگەر تورکیا بێت یان ئێران و دراوسێکانی دیکە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، رێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شنگال چەندین خاڵی ئیداری و ئەمنی و بواری خزمەتگوزاریی تێدایە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکانی خەڵکی شنگال رێککەوتن دەکرێت لەبارەی ئیدارەی شنگالەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا.
هەروەها بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئەوەی بابەتی ئەمنییە، لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لایەنی خزمەتگوزارییش بەرپرسیارێتیی لیژنەیەکی هاوبەش دەبێت لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا.
ئەمریکا پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات
لە کاردانەوەی رێککەوتنەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، پۆستێکی لە پێگەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی شنگالەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، ئەمریکا پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە شنگال. ئاماژەی بەوەشکردووە کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دەکەن و هیوادارن رێککەوتنەکە "ببێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامی بۆ گەلی عێراق لە باکووری عێراق".
لە کاردانەوەی رێککەوتنەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، پۆستێکی لە پێگەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی شنگالەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، ئەمریکا پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە شنگال. ئاماژەی بەوەشکردووە کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دەکەن و هیوادارن رێککەوتنەکە "ببێتە مایەی ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامی بۆ گەلی عێراق لە باکووری عێراق".
بۆچوونی بەشێک لە ئاوارەکانی شنگال لەبارەی رێککەوتنەکە: