عێراق رێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەبارەی شنگال رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران چاودێریی رێککەوتنی تایبەت بە شنگالی کرد کە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لەو شارە بەهێز دەکات.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی لەوە کرد، رێککەوتنەکە لەسەر هەردوو ئاستی کارگێڕی و ئەمنییە و کۆتایی بە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان دەهێنرێت.
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، رێککەوتنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و رێگە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی تەواوەتیی خەڵکەکەی خۆشدەکات.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ دەڵێت، "ئەوەی ئەوانی دیکە شکستیان تێدا هێنا، ئەم حکومەتە لە رێگەی چاندنی متمانەی هاوبەش و پێشکەشکردنی نیازپاکی تێیدا بە پشتبەستن بە سیاسەتێکی پۆڵایین سەرکەوتوو بوو بەرەوە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە بۆ شنگال و گەڕانەوەی هەموو خەڵکەکەی بۆ ماڵەکانیان."
رۆژی هەینی 2020/10/09 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆبوونەوەدابوون بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال.
یەکەم کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا بوو و دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا بوو.
هاوکات جینین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگالەوە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەیەکی دروست و پێشوازیی لێدەکەین.
نێردەکەی یونامی ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتی تێکشکاندنی داعشەوە خەڵکی شنگال رووبەڕووی ئاستەنگی جیاواز بوونەتەوە و ئومێدەوارین رێککەوتنەکە یارمەتیی خەڵکی ئاوارە بدات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانیش بۆ ئەو شارە خێرابکرێت.
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە دۆخێکی نائاسایی رووی لە شنگال کردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەمان و، کۆبوونەوەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شارەکە بوو.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێککەوتنەکەدا هاتووە:
- هیچ هێزێکی چەکدار لە شنگال نامێنێت
- دەبێت هێزە چەکدارەکان بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە دەرەوەی گوندەکانی دەوروبەری شنگال جێگیر ببن
- پەڕاوی ئەمنیی شارەکە رادەستی پۆلیسی نێوخۆیی دەکرێت