رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، حکومەت نیگەرانە بەرامبەر بە جوڵەى پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و تەشەنەسەندنى بۆ پارێزگاکانى دیکە و زانیارى هەیە کەسانێک لە سەماوە و ناسرییەوە پەیوەندیان پێوە کردوون.
سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق رایگەیاند: گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا کراوە و وەک حکومەتى عێراقى لە هەوڵى ئەوەدان لەگەڵ تورکیا رێکبکەون وەک چۆن لەگەڵ ئێران رێککەوتوون بۆ دوورخستنەوەى گرووپە دژبەرەکان لە سنوور و چەکداماڵینیان. گوتیشى: "تورکیا داوای کردووە ئەو دۆخە بەو شێوەیە چارەسەربکەین کە لەگەڵ ئێران چارەسەرمان کردووە".
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
سابت عەباسی گوتی: بەگوێرەى بڕیارى دادگە بارەگاکانى پەکەکە داخراون و فەرمانگەى پارتە سیاسییەکانى کۆمیسیۆن چەند پارتێکى یاساغ کردووە".
شاندی باڵای ئەمنی عێراق و تورکیا 15ـی مانگی رابردوو لە ئەنقەرە لەسەر یاداشتێکى لێکتێگەیشتن، رێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا، یاداشتنامەکە لە بارەی هاوئاهەنگیی سەربازیی و ئەمنی و ''بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' بووە لە نێوان هەردوولا.
وەزیرى بەرگریى عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتى: "حکومەتى عێراق نیگەرانە بەرامبەر جوڵەى پەکەکە و هەوڵیان بۆ پەلکێشکردنى کەسانێک لە پارێزگاکانى دیکە بۆ نێو ریزەکانى، زانیاریمان هەیە لە ناسڕیە و سەماوە کەسانێک پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە".
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، عێراق و تورکیا ناوەندی هاوئاهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا دادەمەزرێنن، کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت و بەهاوبەشی بەڕێوەدەبردرێت.
سابت عەباسی گوتی: "گوشارمان لە تورکیا کردووە ئەو ناوچانە رادەستی هێزى پێشمەرگە یان هێزەکانى سەر بە حکومەتى فیدڕاڵى بکاتەوە، کە لەشکرکێشیان بۆ کردووە. رەشنووسى رێککەوتێک هەیە و تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ