وەزارەتی نەوت بۆ رووداو: بەمنزیکانە لەسەر دۆسییەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەینە لێکتێگەیشتن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەمنزیکانە لەسەر دۆسیەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەنە "لێکتێگەیشتن و دۆسییەکە دادەخرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە 09-0-2024، کارەکانی کۆنگرەی دووەمی نێودەوڵەتیی عێراق بۆ پرۆژەکانی نەوت و گەڕەکانی مۆڵەتدان لە بەغدا دەستیپێکرد. 60 کۆمپانیای خۆجێی، عەرەبی و جیهانی بەشدارن، تاوەکو 12ی مانگ دەخایێنێت.
لە رێوڕەسمەکەدا باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە وەڵامی پرسیاری هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕیی میدیایی رووداو لە بەغدا، سەبارەت گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی: "گفتوگۆ کراوەیە لەگەڵ برایانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشت بەخوا بەمزووانە ئەو بابەتە دادەخرێن".
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق: "نەوتی عێراق، نەوتی هەموو خەڵکە لە باکوور تاوەکو باشوور، نەوتی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و هیچ پارێزگایەکی دیکە نییە. بەڵکو نەوت، نەوتی عێراقە و بۆ هەمووانە".
هەروەها گوتیشی، "پشت بەخوا ئێمە و برایانی هەرێم دەگەینە لێکتێگەیشتن، ئەوەش لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتی و دابینکردنی داهاتی دارایی پێویست بۆ بنیاتنانی ژێرخان و فەراهەمکردنی پلانی دەوڵەت کە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتدا بڕوات".
سەبارەت بە دۆسییەی کۆمپانیا نەوتییەکان، باسم محەممەد گوتی: "لە گفتوگۆدایە، داوامان لە کۆمپانیاکانی نەوت کردووە، گرێبەستەکان هەموار بکەنەوە و بەشداربن لە پرۆژەکانی داهاتوودا".
رۆژی 31-08-2024، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیانی بۆ عێراق هەبووە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت چاوەڕێی "پێشنیاز" و رۆڵی "سەرکردایەتی"ـی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.
کاگینز ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵەکەیان لە هەشت کۆمپانیای بیانی پێکدێت، "لە هاوئاهەنگیی نزیکدایە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامەنە سرووشتیەکان،" گوتیشی دەیانەوێت بە "زووترین کات" نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکەنەوە.
لە ئاداری پارەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدڕالیی عێراقدا، کاتێک رایگەیاند، تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت.
وێڕای چەندین گەڕی گفتوگۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا، ناکۆکییەکان چارەسەرنەکراون و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش بەشی هەرە زۆری بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
بەغدا و ئەنقەرە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکە رازیبوون. بەڵام بەغدا و کۆمپانیاکانی ئەپیکور لەگەڵ نێوەڕۆکی گرێبەستەکانی بەشکردنی داهاتی نەوت ناکۆکن کە ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردوون.
بەغدا داوا دەکات گرێبەستی نوێ بکرێت و تێیدا ئەو پارەیەی وەک تێچووی بەرهەمهێنان بە کۆمپانیاکان دەدرێت کەمبکرێتەوە و نزیک بێت لەوەی لە باشووری وڵاتەکە بە کۆمپانیاکانی دیکە دەدرێت، بەڵام ئەپیکور دەڵێت، بەهۆی سرووشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان، ناکرێت تێچووی بەرهەمهێنانەکە کەمبکرێتەوە.
ئەپیکور هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات یەک ملیار دۆلار قەرزی بەرهەمهێنانی نەوتی نێوان ئەیلوولی 2022 و ئاداری 2023ـی پێ بداتەوە.