رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، پێنج بڕیاری سزای تووندی بۆ بەڕێوەبەری بانکێکی حکومی دەرچووە، دوای ئەوەی ساخ بووەتەوە بە ناوی کەسانێک پارەی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل لە بانک راكێشاوە، بەبێ ئەوەی ئەو کەسانە ئاگادار بن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەکە، فاتیمە رەشید جاسم شەبیب قەرەغولی، بەڕێوەبەری پێشووی لقی ئەشنونای بانکی رەشید لە پارێزگای دیالە بە تۆمەتی زیانگەیاندنی ئەنقەست بە دارایی گشتی، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.
ئەو کەسە کە لە کاتی دادگاییکردن لە دادگە ئامادە نەبووە، بە پشتبەستن بە مادەکانی 47، 48 و 49ـی یاسای سزادانی عێراقی سزا دراوە.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، ئەو کەسە لەو کاتەی بەڕێوەبەری بانکەکە بووە، قەرزی کڕینی ئۆتۆمبێلی بەناوی ژمارەیەک کەسەوە راکێشاوە بەبێ ئەوەی ئەو کەسانە ئاگاداری ئەو بابەتە بن، لەو کارەشیدا کەفالەت ساختە کراوە.
سکاڵاکە لەلایەن نوێنەری یاسایی بانکی رەشیدی حکومییەوە دژی تۆمەتبارەکە کراوە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە بەڕێوەبەری بانکەکە بەرپرسە لە واژۆکردنی مامەڵەکان.
دادگە بڕیاریداوە دەست بەسەر ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی تۆمەتباردا بگیرێت، هەروەها مافی پێبدرێت سەردانی دادگەکان بکات بۆ تانەدان لە بڕیارەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ