عێراق مانگانە پارەى شەش ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەستدەدات

09-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عێراق لەمەودوا لە مانگێکدا نزیکەى شەش ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر هەناردە دەکات لەوەى کە لە یاسای بودجە دیاریکراوە، بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت، عێراق چاوى لە بەرزبوونەوەى نرخى نەوتە.
 
بڕیارەکەى وەزارەتى نەوت بۆ کەمکرنەوەى هەناردەى نەوت لە 27ى ئابەوە جێبەجێکراوە، کە لەمەودوا رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. لەکاتێکدا بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتى 3.5 ملیۆن بەرمیل دیاریکراوە کە هەناردە بکرێت بۆ ئەوەى پارەى بودجە مسۆگەر بکات. 
 
200 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەکاتە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانە کە عێراق کەمیدەکاتەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عیراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەهۆى کەمکردنەوەى هەناردەى نەوت لەلایەن گرووپى ئۆپێک پڵەس، چاوەڕوان دەکرێت نرخەکەى لە بازاڕى جیهانیدا بەرزبێتەوە و عێراق پشتى بەو بەرزبوونەوەیە بەستووە بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى کە لە کەمکردنەوەى هەناردەى نەوتەکەى دروست دەبێت.
 
27ى ئاب نرخى یەک بەرمیل نەوت 78.65 دۆلار بووە، لەکاتێکدا ئەمڕۆ دووشەممە 9ى ئەیلوول نرخەکەى 71.48 دۆدلار بووە، لە دواى کەمکردنەوەکە لە برى ئەوەى نرخى نەوت بەرز ببێتەوە، دابەزیوە. 
 
وەزارەتى دارایی عێراق لە خشتەى بودجەى 2024 نرخى یەک بەرمیل نەوتى بە 80 دۆلار خەمڵاندووە، لەکاتێکدا لە بودجەى ساڵى رابردوودا بە 70 دۆلار خەمڵێندرابوو، داهاتى نەوت بۆ ئەم ساڵ بە 120.4 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا ساڵى رابردوو بە 117 تریلیۆن دینار خەمڵێندرابوو.
 
ئەگەر نرخى نەوت نەگاتەوە ئاستى 80 دۆلار مانگانە لە دواى کەمکردنەوەى هەناردەى نەوت، بودجەی عێراق مانگانە نزیکەى 55 ملیۆن دۆلار کورتهێنانى دەبێت، بەڵام جەمال کۆچەر دەڵێت، "ئەو نرخى نەوتەى لە خشتەى بودجە دانراوە خەمڵێندراوە و راستەقینە نییە" .
 
بەپێی رێککەوتنى لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک، عێراق بۆى هەیە رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتى لێ هەناردە دەکات و بڕەکەى دیکەى لە نێوخۆدا بەکاردەهێندرێت، بەڵام لە مانگەکانی سەرەتاى ئەم ساڵدا زیاتر لەو بڕەى لەسەرى رێککەوتن کراوە، نەوت بەرهەمهێندراوە و زیادەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 1.4 ملیۆن بەرمیل کە دەبێت ئەو بڕەش قەرەبوو بکاتەوە، کە پارەکەى زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دوو جار لەگەڵ بەرپرسانى پەیوەنداری کەرتى دارایی عێراق قسەیان کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە پارەى مووچەى ئەم ساڵ مسۆگەر کراوە، گوتیشى: "ئەگەر کێشە لە بودجە دروست ببێت، پارەى مووچە جێگیرە و دەستکارى بودجەى وەبەرهێنان دەکرێت".
 
لە خشتەى بودجەدا بڕى پارەی بودجەى بەکاربردن کە زۆرینەى بۆ مووچەیە، بە 136.6 تریلیۆن دینار مەزەندە کراوە، لەکاتێکدا بودجەى وەبەرهێنان بە نزیکەى 60 تریلیۆن دینار مەزەندە کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە