مستەفا سەنەد: دادگە بڕیاری دەستبەسەرکردنی کەفیلەکانی نوور زوهێری دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی دادگەیی ''دزی سەدە''، نوور زوهێر و هەیسەم جبووری بەڕێوەچوو، دادگە بڕیاری دەستبەسەرکردنی 6 کەفیلی هەردووکیانی دەرکرد.
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبەردەم دادگەی تاوانەکانی کەرخ - دووەم و دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "وەک هەمیشە، تۆمەتباران نوور زوهێر و هەیسەم جبووری ئامادەی دانیشتنی دادگە نەبوون، کە هەردووکیان هەمان رۆژ دانیشتنی دادگەیان هەبوو."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت "دادگە بڕیاری دا بە دەستبەسەرکردنی شەش کەفیل؛ سێ کەفیلی نوور زوهێر و سێ کەفیلی هەیسەم جبووری و رەوانەی دادگەی کەتنی کەرخ دەکرێن."
بەگوتەی مستەفا سەنەد "رۆژی 21-11 بۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگە دیاریکرا. وادەکە دوورە؛ چونکە رێکاری پێویستە و مانگێک دەخایێنێت، دەبێ لە رۆژنامە بڵاوبکرێتەوە و ئەمانە ئاگادار بکرێنەوە، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر، دواتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێت لەگەڵ سکاڵای سوور لە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆل."
سەنەد دەشڵێت "ئەو دۆسیە شایستەی بەدواداچوونە. تۆ ئەگەر بەدواداچوون بۆ مامەڵەیەکی سادەی خۆت نەکەیت ون دەبێ، جا چ جای دۆسیەیەکی گرنگ، کە بە دزیی سەدە دەناسرێت."
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دۆسیەکەوە بە رووداوی گوت "ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی دزیی سەدە باس دەکرێت زۆر زیاترە لەوە. پێشبینی دەکەین سەروو 6 تریلیۆن دینار بێت. بەڵێنمان داوە تاوەکو دوا وێستگە لەگەڵ دۆسیەکەدا بچین و بزانین کێن ئەوانەی لەپشتی ناوە ئاشکراکانەوەن کە دزییەکەیان کردووە؟"
تۆڕی میدیایی رووداو بەپشتبەستن بە راپۆرتی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق زانیارییەکانی ئەو دزییە بڵاودەکاتەوە کە تێیدا بەپێی حکومەتی عێراق 3.7 تریلیۆن دیناری تێدا دزرا، هەرچەندە ژمارەکە لە زیادبووندایە.
بڕی ئەو پارەیەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە بانکی رافیدەین (یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی عێراق)، لەنێوان ساڵانی 2021 و 2022 دزرا و بە "دزیی سەدە"ناوی دەرکردووە، تادێت زیاتر دەبێت.
هەرچەندە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە، نزیکەی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بردراوە و کەسێکیش بەناوی نوور زوهیر وەکو تاکە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە ناسێندرا، بەڵام بەپێی دەستەی دەستپاکی و ژمارەکانی نێو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی 1ـی مانگی رابردوو، پارە دزراوەکە بۆ شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادیکردووە، دەشگوترێت پارەکە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەبێت کە نوور زوهیر لەبارەیەوە گوتی زیادکردنی بۆ" داپۆشینی دزیی دیکەیە."