رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عەسائب دەڵێ دژی ئەوەن لە بەغداوە پارە بە قەرزیش بدرێتە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش باسی لەوە کرد حکومەتی فیدراڵی ئێستا سەرکێشی دەکات و ئەنجامەکەشی لەئەستۆ دەگرێت.
وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ (شەممە، 9-9-2023) سەبارەت بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان چووە لیژنەیی دارایی پەرلەمان؛ لە کۆی چوار پەرلەمانتاری کورد کە ئەندامی لیژنەکەن، تەنها نەرمین مەعرووف، پەرلەمانتاری یەکێتی بەشداری گفتوگۆکە بوو.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا؛ هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان میوانداری بکرێن.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە لیژنەکەی گوتووە، بەو بڕە پارەی بەغدا ناردوویەتی، داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، نزیکەی حەوت تریلیۆن دینار بووە، لەنێویدا تریلیۆنێک و 600 ملیۆن دینار کە بە قەرز لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین وەرگیراوە، هەروەها نزیکەی تریلیۆنێک دینار کە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی کردووە.
ناردنی ئەو قەرزەی بڕیارە بە هەرێمی کوردستان بدرێت و بڕەکەی یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینارە، بووەتە مایەی نیگەرانیی پەرلەمانتارە شیعەکان.
لە هەر پەرلەمانتارێک دەپرسی، هاوشێوەی وەزیری دارایی، پێیوایە هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە.
پەرلەمانتارێک کە سەر بە دەوڵەتی یاسایە دەڵێت ئەو بڕە قەرزە هاوکاریی مرۆییە، 'قومارێکە و دەیکەین'، ئەویش بە گوتەی خۆی 'لەبەر خاتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.'
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی بە رووداوی گوت "حکومەتی فیدراڵی ئێستا سەرکێشی دەکات و ئەنجامەکەشی لەئەستۆ دەگرێت ئەویش؛ پێدانی قەرزە بە حکومەتی ھەرێم، ئەمە پێچەوانەی یاسایە، بەڵام ئەو وا سەیری دەکات کە نابێت گەلی ھەرێمی کوردستان ئەم باجە بدات.''
نیگەرانیی پەرلەمانتارێکی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق بگرە زیاترە و، رازی نییە تەنانەت بەغدا بە قەرزیش پارە بنێرێت.
عودەی عەواد، پەرلەمانتاری عەسائیبی ئەهلی حەق قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "پرۆسەی قەرز، کە حکومەت ئێستا بە ھەرێمی کوردستانی دەدات، پێمان وایە دەستووری و یاسایی نییە بۆیە ئێمە بێدەنگ نابین. پێدانی قەرز بەو رێگەیە دەبێتە بەھەدەردانی ماڵی گشتی."
حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندبوو؛ پشکی هەرێمی کوردستانیان بە زیادەوە رەوانە کردووە، قسەیەک ئەمڕۆ لە پەرلەمان دووبارەکرایەوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دەڵێت 'مانگی حەوت، هەشت و نۆ، یەک دیناریش بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە.'
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی باس لەوە دەکات ''ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان رازیبێت بە گواستنەوە مووچەی فەرمانبەرانی بۆ سەر وەزارەتی دارایی عێراق، وەک ئەو چوار ملیۆن فەرمانبەرەی لە 15 پارێزگاکەی دیکە و وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ هەن، ئەوە رێکدەخرێت و مووچەیان بۆ دیاریدەکرێت وەک ھەموو فەرمانبەرانی دیکە."
شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەکاتە 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بەگوێرەی ژمارەکانی بودجە، دەکاتە یەک تریلیۆن و 375 ملیار دینار.
وەزیری دارایی زیاتر لە سێ کاژێر لە هۆڵی لیژنەی دارایی پەرلەمان، وەڵامی پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی دایەوە سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، لە کۆتاییدا گوتی 'ئامادەنیم ھیچ بڕە پارەیێک بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکەم، تاوەکو ئەو کاتەی وردبینیی دیوانی چاودێریی عێراق لەسەر داھاتی نەوتی و نانەوتی ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت،' گوتیشی 'ئەو 500 ملیارەی بڕیارە بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ئەنجوومەنی وەزیران وەک قەرز بڕیاری لەسەر داوە.'
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ