زاواکەی ترەمپ: دەمانتووانی لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازی 20٪ـی داهاتی نەوت لە عێراق وەربگرین

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ عێراق لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبووەتەوە و عەبادی داوایلێکردووە کە کۆبوونەوەی دووقۆڵی بکەن. دەشڵێت، "دواتر پێیی گوتم کە ئەو ئامادەیە بڕێک پارە لەبەرامبەر پاراستنیان لە لایەن ئەمریکاوە پێبدات"، بەڵام لەسەرەتادا دەیویست ''هەرزانترین رێککەوتن'' بکەین.
 
جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵای پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە هاوکات هاوژینی ئیڤانکا ترەمپ و زاوای دۆناڵد ترەمپە، لە نوێترین پەرتووکیدا بەناوی ''شکاندنی مێژوو، بیروەرییەکی کۆشکی سپی'' کە لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی، ''دەمانتووانی لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازیی بۆ عێراق، %20ی داهاتی نەوتی عێراق وەربگرین''، بەڵام وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا نەیانهێشت ئەمە سەربگرێت.
 
کوشنەر لە بەشێکی پەرتووکەکەی باسی سەردانەکەی بۆ عێراق دەکات و دەڵێت، رۆژی دووشەممە، 3ی نیسانی 2017، "بەدڵنیاییەوە هیچ پلانێکم نەبوو لە چەند مانگی سەرەتای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا سەردانی عێراق بکەم، بەڵام چەند هەفتەیەک پێشتر لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک سەرکردە سەربازییەکانی، ژەنەڕاڵ دەنفۆڕد رایکێشامە لایەک و داوای لێکردم بەشداری بکەم لە گەشتەکەیدا بۆ عێراق و پێی گوتم، ئەم گەشتە وێنەیەکی راستەقینەم لە نزیکەوە لەبارەی تواناو پێکهاتەی هێزەکانمان پێدەدات و دەتوانم ئەم زانیارییانە بۆ سەرۆک بهێنمەوە".
 
لەو بەشەی پەرتووکەکەیدا جارید کوشنەر باس لەوە دەکات، لەدوای گەیشتنیان بۆ بەغدا و دواتر چوونیان بۆ نزیک موسڵ و بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە، ''عەبادی داوایلێکردم دوو بە دوو کۆببینەوە، سەرۆکوەزیران قسەئاشکراکەی ترەمپی بە جددی وەرگرتبوو کە دەیویست وڵاتان پارەیەکی زیاتر بدەن بۆ خەرجییە سەربازییەکانیان.''
 
ئەو راوێژکارەی پێشووی ترەمپ لە درێژەی نووسینەکانیدا باسی لەوەش کردووە کە عەبادی گوتی، "ئامادەم بڕێک پارە لەبەرامبەر پارێزگاریکردنمان لە لایەن ئەمریکاوە بدەم"، بەڵام سەرەتا بەهیوای هەرزانترین رێککەوتن بوو. "ئێمە دەمانتووانی %20ی داهاتی نەوتی عێراق لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازی بەدەستبهێنین، بەڵام دواتر رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوە و جیم ماتیس، وەزیری بەرگری پێیان وابوو ترەمپ بەم پێشنیازکردنی ئەم پڕۆپۆزەڵە تووڕە دەبێت و باسەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخست".

 

 
لەسەر هێرشی تورکیا بۆسەر هەسەدە، دۆناڵد ترەمپ بەجێگرەکەی گوتووە کە چی بکات و چۆن باسی ئەو ناکۆییانەی ناوچەکەی کردووە؟
 
کوشنەر لە بەشێکی دیکەی پەرتووکەکەیدا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکات و نووسیویەتی: ''مەحاڵە لە کۆشکی سپیدا لە یەککاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا بکرێت. لەکاتێکدا تیمەکانی ئێمە خەریکبوون بەیەکەوە کۆدەبوونەوە تاوەکو کار لەسەر گەورەترین ئاستەنگیی نێوخۆیی بەردەم سەرۆکایەتیی ترەمپدا بکەن. پێکدادانێک لە دەرەوەی ئەمریکا روویدا" کە مەبەستی لەو پێکدادانە هێرشی تورکیایە بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
 
کوشنەر لە نووسینەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە، لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، وەزارەتی بەرگری ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لەسەر سنووری تورکیا و سووریا کەمکردنەوە. ئەو هێزانە چاودێریی ناوچەیەکی مشتوومڕهەڵگریان دەکرد. لەگەڵ بڕیارەکەدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیادا کە ''بەتەواوەتی ئابووریی تورکیا تێکدەشکێنێت و دەیسڕێتەوە'' ئەگەر تورکەکان هەرشتێک بکەن سنوور ببەزێنێت، بەڵام ئەردۆغان هەڕەشەکانی ترەمپی فەرامۆشکرد و هەر کە هێزەکانی ئەمریکا ناوچەکەیان بەجێهێشت، هێرشێکی فراوانی سەربازی بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە دژی شەڕڤانە کوردەکان دەستپێکرد کە شەڕڤانە کوردەکان هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکابوون لە شەڕی دژ بە داعش.
 
راوێژکارە باڵاکەی پێشووی ترەمپ ئاماژەی بەوەش داوە، لە دوای هێرشەکەی تورکیا ''ترەمپ داوای لە پێنس [جێگری سەرۆکی ئەمریکا] کرد لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان لەبارەی ئاگربەست گفتوگۆبکات.'' دەشڵێت، "من چەند جارێک ئەردۆغانم بینیبوو، بەر لەوەی مایک پێنسیش بچێتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە، لە کۆشکی سپی هاتە ئۆفیسەکەی من و داوای لێکردم راوێژی پێبدەم لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆ‌غان". پێیگوت ''تۆ پێویستت بە راوێژی من نییە، بەڵام ئەوەت پێدەڵێم، بەپێی ئەزموونی خۆم، کاتێک لەگەڵی دانیشتی [لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە]، ئەو [ئەردۆغان] هەموو گلەیی و گازندەکانی باس دەکات، ئەمە تاوەکو ماوەیەک بەردەوامدەبێت و منیش گوێی لێدەگرم. تێگەیشتنی منیش ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییەکەی لەگەڵ ترەمپ دەنرخێنێت، بۆیەش سەرکەوتنی تۆ بەندە بەوەی تاوەکو چ ئاستێک دەتوانیت ئەوە بگەیێنیت کە ترەمپ تەواو جیدییە لەسەر ئەم ئاگربەستە. ئەردۆغان کەسێکی کەللـەرەقە و دڵنیانیم کە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکەیت، بەڵام من لێرەوە هیوای باشترینت بۆ دەخوازم.''
 
جارید کوشنەر هەروەها دەشڵێت، کاتێک پێنس لە تورکیا بوو، ترەمپ چووە داڵاس، ترەمپ هێشتا لەنێو فڕۆکەدابوو کە پێنس تەلەفۆنی بۆ کرد و گوتی ''گەیشتنیە رێککەوتن'' جێگری سەرۆک گوتی ''رژدبووم لەوەی کە بە ئەردۆغان بڵێم، تۆ [دۆناڵد ترەمپ]ت خۆشدەوێت؟ هەروەها تۆ هاوڕێی ئەوبوویت بەر لە ئێستا، ئێستاش هاوڕێن و هەمیشەش وەک هاوڕێ دەمێننەوە، بەڵام پێویستە ئەو شەڕە دەستبەجێ بووەستێنێت کە دەستیپێکردووە، ئەگەر نا سزای تووندی ئابووری دەدەن، ئەردۆغان بەربەستی زۆر هێنایەوە، بەڵام لەدوای زیاتر لە کاژێرێک کۆبوونەوە و گەیاندنی پەیامەکە بە حەوت جۆری جیاواز، [ئەردۆغان] گوتی، شەڕەکە دەوەستێنێت و چووینە ژوورێکی دیکە و رێککەوتنەکەمان کرد''
 
زاواکەی ترەمپ لە درێژەی نووسینەکانیدا هەروەها باسی لەوەش کردووە کە ترەمپ بە پێنسی گوتووە، "ئەمە شتێکی مەزنە" و گوتیشی، ''ئەم ناوچەیە [سنووری تورکیا و سووریا] ماوەیەکە بەرمیلە بارووتێکە، منیش رقم لەوەیە کە ئەو هەموو سەربازەمان لەوێبن، ئێمە لەوێبووین چونکە هەردوولایان داوای ئەو خاکە دەکەن، هیچ کاتێکش ناتوانین بیانگەیێنین بە سازشکردن[ئەمریکا هیچکات ناتوانێت تورکیا و هەسەدە رازیبکات سازش بۆ یەکدی بکەن]، بۆیە پێویستە هەندێکجار رێگەبدەیت کەمێک شەڕی یەکدی بکەن. کاتێکیش گەیشتنە ئەو خاڵەی کە هیچ لایەنێکیان دەستی باڵایان نییە. ئەو کاتە ئاسانترە کە بگەیت بە رێککەوتنێک، ئەگەر ئەمەم نەکردبا، ئەمریکا لە 100 ساڵی دیکەش لەوێ چەقبەستوو دەبوو یان خراپتر. لە کۆتاییدا رووبەڕووی شەڕێک دەبووەوە لەسەر پارچەیەک خۆڵ کە هیچ کەسێک لە ئەمریکا هەرگیز گوێشی لێنەبووە'' کوشنەر هەروەها گوتوشیەتی، ''ترەمپ دەیزانی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکاندا بکات بۆ رێگریکردن لە دۆخێکی مەترسیدار".