وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: رۆژانی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکانمان بۆ تونس زیاتر دەبن

رووداو دیجیتاڵ
 
هێڵى ئاسمانیی عێراقى لە هەوڵی فراوانکردنی گەشتەکانیدایە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، کار بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەورووپا دەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئابی 2024، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی لە بەغداوە بۆ تونس ئەنجامدرا و لە رۆژانى داهاتوویشدا گەشتى زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەکرێن. ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکەین و رێککەوتن لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی وڵاتانی دیکەشدا بۆ ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی دەکەین".
 
مەیسەم سافی گوتیشی، "رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی گەشتى راستەوخۆ لەنێوان بەغدا-پەکین (پایتەختی چین)، بەغدا-گوانگژۆ (شارێکی چین)، بەغدا-کوالالامپور (پایتەختی مالیزیا) کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا گەشتەکان دەستپێدەکەن".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، مانگی رابردوو 179 گەشتی نێوخۆیی و 448 گەشتی دەرەوە لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە ئەنجامدراون؛ ژمارەی سەرنشینانیش لەو گەشتانەدا 272 هەزار و 972 کەس بوون.
 
سەبارەت بە داهاتی هێڵەکە، مەیسەم سافی گوتی، "ئەم ساڵ داهاتی هێڵی ئاسمانیی عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو 89% زیادیکردووە".
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هەوڵ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەورووپا دەدات. مەیسەم سافی گوتی، "هەوڵەکانمان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەورووپا بەردەوامن و چاکسازی ریشەیی لە هێڵی ئاسمانییدا دەکەین. ئەم ساڵیش 12 فڕۆکەی لەکارکەوتوو چاک کراونەتەوە و ئێستا کاردەکەن".
 
لە ساڵی 2015ـەوە، یەکێتی ئەورووپا بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی بەگوێرەی پێوەرەکانی ئەوان لە فڕۆکەی سەوزی عێراقیدا، یەکێتییەکە سزای بەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقدا سەپاند. هێڵە عێراقییەکە قەدەخەی گەشتی کایەی ئاسمانیی ئەورووپای لەسەرە و بڕوانامەی بەکارهێنانی وڵاتی سێیەم (تی سی ئۆ)ـی نییە.