ئەوانەی مۆبایل و پارەیان لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دەدزی، دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
گرووپێکی تایبەت بە دزینی پارە و مۆبایل لە سەردانیکارانی ئیمام حوسێن دەستگیرکران و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران.
 
لیوای چواری حەشدی شەعبی لە بەسرە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "3 تۆمەتبار بە هاوئاهەنگی هێزەکانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە دەستگیرکران کە پارە و مۆبایلی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێنیان لە کەربەلا دزیبوو".
 
ئەو کەسانە تەمەنیان لەنێوان 20 و 25 ساڵیدایە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
 
عێراق بە وڵاتی مەزارە پیرۆزەکانی شیعەکان دەناسرێت و گۆڕی ئیمامی عەلی، ئیمامی حوسێن و ئیمامی عەباسی لێیە و ساڵانە ملیۆنان شیعە لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە سەردانی مەزارگەی ئیمامەکانی شیعە لە عێراق دەکەن.
 
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب و لە ئێستاوە بەشێک لە شیعەکان بۆ رۆیشتن بەرەو کەربەلا بەپێ لە بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی باشوورەوە دەستیان بە گەشتەکەیان کردووە.