ژنە پەرلەمانتارەکانی عێراق لە دژى هەموارکردنەوەی یاساى بارى کەسێتى پەنا بۆ دادگەى فیدراڵى دەبەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە ژنە پەرمانتارەکانى عێراق، کە دژى هەموارى یاساى بارى کەسیین، لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆدەبنەوە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵ لە پەرلەمان دەڵێت، "ئەگەر یاساکە تێپەڕ بێت لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا تۆمار دەکەین".
سروە محەممەد، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵ لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە ژنەکان کە لە دژى هەموارى یاساکەن، لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە، ئەگەر یاساکە بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین
سروە محەممەد گوتى: "پاساوى سکاڵاکە ئەوە دەبێت کە یاساى ئێستاى بارى کەسێتى، یاسایەکى سڤیل نییە، لەدژى شەریعەتى ئاینى ئیسلامیش، ئەوە جگە لەوەى هەموارکردنى پێچەوانەى مادەى 41ى دەستوورە".
مادەى 41ى دەستوور هاووڵاتیانى عێراقى ئازاد کردووە لەوەى بەگوێرەى ئاین و مەزهەب و تێڕوانینەکانى خۆیان پابەند بن بە بارى کەسێتییانەوە.
زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژۆیان لە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی کۆکردووەتەوە، کە سروە محەممەد یەکێکیانە.
هەموارەکە سزاى هاوسەرگیرى لە دەرەوەى دادگە ناهێڵێت و رێگە بە کچانیش دەدات لە تەمەنێکى زوودا شوو بکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاساکە تەمەنی رێپیدراو بۆ شووکردن 18 ساڵە.
ئەو پێشنیازە یاسایە لە 4ى ئاب خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا بەبێ ئەوەى پێشتر لە خشتەى کارى ئەو کۆبوونەوەیە داندرابێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژن و خێزان و منداڵ گوتى، "هەفتەى داهاتوو نووسراوى فەرمى ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی پەرمان دەکەم بەوەى شێوازى خوێندنەوەى یەکەمى پێشنیازە یاساکە پێچەوانەى پەیڕەوى ناوخۆ بووە و بە رێکارەکانى نێوخۆى لیژنەکەمان تێپەڕیوە".