رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوای وەرگرتنی بۆچوون و تێبینیی سەرجەم پەرلەمانتان لەبارەی هەمواری یاسای باری کەسی دەکات و دەڵێت داواکارییەکانتان بنێرن بۆ ئەوەی بخرێتە نێو هەموارەکەوە.
لە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بە هەمواری یاسای باری کەسیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959ـی عێراق، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای سەرۆکایەتیی پەرلەمان داواکارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم پەرلەمانتاران کردووە و داوایان لێدەکات تێبینی و بۆچوونەکانیان بۆ لێژنەکە لەبارەی هەموارەکەوە بنێرن.
لیژنەکە دەڵێت، دەیانەوێت لە بۆچوونەکان بکۆڵنەوە بۆ ئەوەی بخرێنە نێو رەشنووسەکەوە.
مورتەزا ساعیدی، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "دوای دروستبوونی ئەو مشتومڕەی لەسەر هەموارەکە هەیە، مەبەستمانە زۆرترین بۆچوونی پەرلەمانتاران و تێبینیان وەربگرین، چونکە بابەتەکە هەستیارە و رێز لە بۆچوونی هەمووانیش دەگرین."
هاوپەیمانیی 188 کە لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزە مەدەنییەکان، چالاکڤانانی رێکخراوەکانی مەدەنی و ژنان پێکدێت، پێنجشەممە، 8-8-2024 لە حەوت پارێزگای عێراق دژی هەموارەکە خۆپێشاندانیان کرد، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش دژی هەموارەکەن.
هەمواری یاسای باری کەسی، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، هەموارێکی مشتومڕهەڵگرە. رۆژی 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ