پارتەکەى سوودانى: بەشدارى هەڵبژاردن ناکەین و لیستى سێبەریشمان نابێت

رووداو دیجیتاڵ

رەوتى فوراتەین کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەرۆکایەتیى دەکات، بڕیاریدا بەشدارى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق نەکات و لیستى "سێبەر"یشیان نەبێت.
 
رەوتى فوراتەین لە روونکردنەوەیەکدا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9ـی ئابى 2023) ئاشکرای کرد، بەشدارینەکردنیان بۆ ئەوەیە هەوڵەکانى حکومەت بۆ سەرخستنى پرۆسەى هەڵبژاردن بێت و بەباشی زانیوە بۆ ئەم قۆناخە، خۆى بۆ کارى جەماوەرى تەرخان بکات.
 
رەوتى فوراتەین لە ساڵى 2021 دامەزراوە و بەشێکن لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە و خاوەنى چوار کورسیی پەرلەمانى عێراقە.
 
ئەو رەوتە، ئاماژەى بەوەش داوە، دوورکەوتنەوە لە رکابەریى هەڵبژاردن، بەو واتایەیە کە بە لیستى سێبەر یان هەر شێوازێکى لەو جۆرە، بەشدارى لە هەڵبژاردندا ناکەن.
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 10ـى تشرینى یەکەمى 2021، یەکەم ئەزموونى بەشداریکردنى رەوتى فوراتەین بوو.
 
رۆژی 9ـی ئابى 2023، د. بەشار ساعیدى، جێگرى ئەمیندارى گشتیى رەوتى فوراتەین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق، هێشتا زووە و بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئەو کاتە قسەى دیکەیان دەبێت.
 
یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لەدواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگای کەرکووک بکرێت.