هادی عامری: دروشمی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زایۆنی رەتدەکەینەوە

09-08-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، کە باڵی سیاسیی بەشێکی گرووپەکانی حەشدی شەعبییە لە عێراق رایگەیاند، هەموو جۆرێکی ستەم و دەستدرێژی بۆ سەر گەلان، بەتایبەت گەلی فەلەستین رەتدەکەنەوە. هەروەها دروشمی بریقەداری دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ "قەوارەی زایۆنی" رەتدەکەنەوە.
 
هادی عامری، کە هاوکات ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدرە، ئەمڕۆ سێشەممە 9/8/2022، لە راگەیێندراوێکدا بە بۆنەی رۆژی عاشوورا کە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنی کچەزای پێغەمبەری ئیسلامە، ئاشکرایکرد: "لەم رۆژەدا کە دڵی پێغەمبەری ئێشاند، دەنگمان بەرزدەکەینەوە بۆ رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک و نانەوەی ئاشووبی لەگەڵ رەتکردنەوەی هەموو جۆرە ستەمێک و ماف قۆرخکردنێک و دەستدرێژی بۆ سەر گەلان، بەتایبەت گەلی خۆشەویستمان گەلی بەرگریکاری فەلەستین".
 
هادی عامری دەشڵێت: "هەموو جۆرێکی فێڵکردن و شێواندن و پەردەپۆشکردنی ناپاکی رەتدەکەینەوە، لەگەڵ رەتکردنەوەی ئاستنزمی لەڕێگەی دروشمی بریقەداری دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنی. لەم رۆژە مەزنەدا فێری خۆراگڕی دەبین لە بەرەی بەرگریکردن لە وڵات و گەلمان و گەلانی عەرەبی و ئیسلامی تاوەکو دواساتی ژیانمان".
 
ئەمە لە کاتێکدایە، بەدراێژایی مێژوو، عێراق هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست نەکردووە و پەرلەمانی عێراقیش بە یاسایەک دروستکردنی هەر جۆرە پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ ئەو وڵاتە قەدەخە کردووە و بە تاوانی داناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە