سەرکردەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پێنجشەممە گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەین

09-08-2022
نەهرۆ محەممەد
خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لەنێو پەرلەمانی عێراق. وێنە: AFP
خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لەنێو پەرلەمانی عێراق. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ عاشوورا وەکو دروشمێکی سیاسی لە عێراق بە روونی رەنگیداوەتەوە. شیعەکان لە کاتێکدا ئەو یادە دەکەنەوە کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر "شۆڕشی عاشوورا"ی راگەیاندووە.
 
بەهۆی بەردەوامیی مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر، گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان لە عێراق کە پەرلەمانە، پەکیکەوتووە و داخراوە. بنبەستی سیاسیی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدر-یش بەردەوامە، تائێستا هەردوولا ناسازێن و سەدرییەکانیش سوورن لەسەر داواکارییەکانیان.
 
حوسێن هادی، شێخێکی بەشدار لە خۆپێشاندانەکان دەڵێت، "هەمووان دەزانن، لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 20 ساڵە، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاومان لە دۆخەکە نەبینیوە، نە لە رابردوودا و نە لە داهاتووداش هیچ ناگۆڕێت.  دەستووری عێراق پێشێل دەکرێت و پێویستە هەمواربکرێتەوە، کە لایەنە سیاسییەکان بۆ خۆیان دایانڕشتووە، بۆیە وەکو گەل داواکاریی یەکەممان ئەوەیە: پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێت و دووەم: هەڵبژاردنی پێشوەخت دووبارەبکرێتەوە."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەرجی خۆی هەیە و داوای زەمینەسازی دەکات. کازم حەیدەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "موقتەدا سەدر بەم دۆخە رازی نییە، دەیەوێت پەرلەمانی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و حکومەتی مستەفا کازمی بمێنێتەوە و دواتر هەڵبژاردن بکرێت، جا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەش هەر چەند بێت، ئەمە کارێکە رەتدەکرێتەوە و ناکرێت قبووڵ بکرێت. نە لەڕووی دەستووری و نە لەڕووی یاسایی و نە لەڕووی لۆژیکەوە."
 
هاوکات تورکی عەتێبی، یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی سێ دۆسیە دەکات، کە بریتین لە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پێشوەخت و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
بەڵام نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەکو هێزێکی سەرەکیی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە تازەترین هەڵوێستیدا رایگەیاند، بەبێ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سیستم ناگۆڕدرێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت-یش ناکرێت.
 
عودەی هادی، سەرۆک هۆزی شەوافی دەڵێت، "هەموو پێویستییەکانی ژیان لای گەل بوونی نییە، گەل ستەمدیدە و ماندووە، کارەبا و ئاو و هیچ خزمەتگوزارییەک نییە، ئێمە داوا لە سەید موقتەدا دەکەین، هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت، هیچ بوارێک نییە و دەبێت لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت."
 
بەپێی زانیارییەکان، داوا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوە، ساڵێکی دیکە تەمەنی حکومەتەکەی مستەفا کازمی درێژبکرێتەوە، بەڵام تائێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەچوونەتە ژێرباری ئەو داواکارییە و داوای پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.