بەرگریی شارستانی: لە عێراق نۆ ساڵە نیتراتی ئەمۆنیۆم قەدەخەکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2011 ەوە عێراق هاوردەكردنی مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی قەدەخەكردووه، چونكە گرووپە تووندڕەوەکان بۆ كردەوەكانیان بەكاریاندەهێنا. 
 
عەمید حەسەن ئیبراهیم خەزرەجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند "لەساڵی 2011ەوە عێراق هاوردەكردنی مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی قەدەخەكردووە، چونكە دەوڵەتی ئیسلامی بۆ كردەوەکانی بەكاریدەهێنا". 
 
بە گوتەی خەزرەجی بەرپرسیاریەتی هاوردەكردن و هەڵگرتن تەنانەت بەكارهێنانی مادە كیمیاییەكان لە ئەستۆی دەزگای ئاساییشی نیشتمانییە و دەڵێت: "هیچ بڕێك مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لە عێراق نییە، هەموو ئەو كۆگایانەشمان داخستوون كە مەرجەكانی سەلامەتیان تێدا نییە، شوێنی نهێنی و تایبەتیش هەیە كە مادە كیماییەكان و چەكیان تێدا هەڵگیراوە".
 
ئێوارەی سێشەممەی رابردوو، 5ی ئابی 2020، تەقینەوەیەک بەندەری بەیرووتی هەژاند و بەندەرەکە و ناوچەیەکی فراوانی پایتەختی لوبنانی کاولکرد، هاوکات نزیکەی 300 هەزار لە دانیشتووانی بەیرووت بێ ماڵ و حاڵ کرد.
 
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی حکومەتی لوبنان، هۆکاری تەقینەوەکە گڕگرتنی 2750 تۆن ماددەی نیتەراتی ئەمۆنیوم بووە، کە 6 ساڵە لە بەندەری بەیرووت ئەمبارکراوە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش:  "ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت گەیشتووەتە 158 کوژراو و زیاتر لە 6 هەزار بریندار، 21 کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن".