پشووی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پشووى وەرزى یەکەمى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت و ئەندامێکی لیژنەی یاسایی دەڵێت، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان یەکێک لە دیارترین کارەکانی وەرزی داهاتووی پەرلەمان دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی تەمموزی 2024، پشووى وەرزی یاسادانانی یەکەم لە ساڵی یاسادانانی سێیەم- خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت کە زیاتر لە یەک مانگی خایاند. ژمارەیەک رەشنووس و پێشنیازی یاسا لەبەردەستی لیژنەی یاسایی و ژمارەیەک لە لیژنەکانی دیکەدان بۆ ئەوەی لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا تاوتوێ و پەسند بکرێن.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی سێشەممە، 9ـی تەمموزی 2024، پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانان کۆتایی دێت. پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە. هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان یەکێکە لە دیارترین ئەو بابەتانەی لەم وەرزە نوێیەدا هەوڵ دەدرێت یەکلایی بکرێتەوە."
 
عارف حەمامی باسی لەوەشکرد، ژمارەیەک رەشنووسی یاسا و پێشنیاز لە لیژنەکەی ئەوان و لیژنەکانی دیکەشدان؛ بەشێکیان لای ئەوان رێکارەکانیان تەواوکردووە و ماوە بدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
 
رەشنووسی هەمواری یاسای بەرنگاربوونەوەی مادەى هۆشبەر، هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی بەعس، هاوتاکردنی بڕوانامەکان و چەند بابەتێکی دیکە لە دیارترین رەشنووسەکانن.
 
عارف حەمامی گوتی، ئەگەری کەم هەیە رەشنووسی یاسای لێبووردنی گشتی و رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە وەرزی داهاتوودا پەسندبکرێت؛ هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی سازانی سیاسی لەسەریان.
 
لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە کە هەر وەرزێکی چوار مانگە. هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم دەبێت. هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە 8 دانیشتن کەمتر بکات.
 
پەرلەمانی عێراق رۆژی 9ـی مانگی ئایاری 2024، وەرزى یەکەمى یاسادانانی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە، تاوەکو خشتەى بودجەى 2024 پەسند کرا. رۆژی 3ـی حوزەیران کۆتاییهاتنی وەرزی یاسادانانی یەکەمی ساڵی یاسادانانی سێیەم- خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی راگەیاند.