هۆشداری لە شەپۆلێگی گەرما دەدرێت؛ هەشت پارێزگای عێراق دەگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، سێ رۆژی کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەی گەرما لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە و رۆژی پێنجشەممە هەشت پارێزگا 50 پلەی سیلیزیی گەرما تۆماردەکەن. دەشڵێت "شەپۆلەکە چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت."
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە بەهۆی نزمەپاڵەپەستۆیەکەوە شەپۆلێکی گەرما عێراق دەگرێتەوە، لە بەشێکی پارێزگاکانی عێراق پلەی گەرما بۆ سەروو 50 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە."
روونیشیکردەوە، "ئەمە دووەم شەپۆلی گەرمایە لەمساڵدا، چاوەڕوان دەکرێت چەند رۆژێک بخایێنێت، بۆیە ئێمە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان کە خۆیان لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن و ئەگەر ناچار نەبن، ئەو رۆژانە لە کاتەکانی تینی گەرما نەچنە دەرەوە."
بەپێی کەشناسیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 11ـی تەمووز، پلەی گەرما لە پارێزگاکانی بابل، واست، نەجەف، دیوانییە، میسان، ناسریە، موسەننا و بەسرە، 50 پلەی سیلیزی دەبێت.
لە هەرێمی کوردستانیش پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، بەڵام کەمتر لە تۆمارکراوەکانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق. جابری گوتی "پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان لەنێوان یەک بۆ سێ پلە بەرزدەبێتەوە، بەڵام ناگاتە 50 پلە."
پلەی گەرما لە پارێزگاکانی کەربەلا، بەغدا و دیالە، 49 پلەی سیلیزی و لە سەڵاحەدین و ئەنباریش 48 پلەی سیلیزی دەبێت. پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەو رۆژەدا پلەکانیان بەمشێوەیە دەبێت؛ دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە 41 پلەی سیلیزی و هەولێریش 45 پلە. لە کەرکووکیش کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، رۆژی پێنجشەممە پلەی گەرمی دەگاتە 44 پلەی سیلیزی.
رۆژی هەینیش بەسرە بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی عێراق تۆماردەکات و 51 پلە دەبێت. پارێزگاکانی میسان، ناسرییە و موسەننا، پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی. جگە لەوانەش حەوت پارێزگا پلەکانی گەرما تێیاندا 49 و 48 پلەی سیلیزی دەبێت.