دادگەی فیدراڵیی عێراق داوایەکی بۆ رێگەدان بە هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان رەتکردەوە

09-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کحوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق داواکاریی چەند هاووڵاتییەکی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی دژی تۆمارکراون، رێگە بە هاوردەکردنی خواردنەوەکحولییەکان بدرێت. یەکێک لەو کەسانەی لەنێو داواکارانە دەڵێت، "رژدین لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە خواردنە کحولییەکان."
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری رەتکردنەوەی ئەو داوایەی دا کە چوار کەس پێشکێشی دادگەکەیان کردبوو بۆ رێگەدان بە هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بەشێوەی کاتی، تا ئەو کاتەی دادگەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە و کۆتایی لەو بارەوە دەدات؛ پاساوی سکاڵاکارەکانیش ئەوە بوو؛ بازرگانان و خەڵکێکی زۆر زیانی داراییان بەردەکەوێت.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق پاساوی بۆ رەتکردنەوەی ئەو داوایەی بۆ ئەو کەسانە هێناوەتەوە و دەڵێت، "راگرتنی ئەو بابەتە بەشێوەی کاتی لە یاسای دادگەکە و پەیڕەوی ناوخۆ و مادەکانی 151، 152ـی یاسای مورافەعاتی مەدەنی ژمارە 83ـی ساڵی 1969ـدا نەهاتووە".
 
دوای ئەوەی رۆژی 20ـی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی عێراق، یاسای داهاتی شارەوانییەکانی لە ژمارە 4708ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکردەوە، رۆژی 4ـی ئادار دەستەی گشتی گومرکەکانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە سەرجەم خاڵە گومرکییەکان کرد خواردنەوە کحولییەکان قەدەخەبکات.
 
رۆژی 6ـی ئاداری 2023، چوار کەس بەناوەکانی مۆلەر مازن یوسف، لەیس یوسف سڵێوە، جۆزیف سڵێوە سبی و ئەرشەد خەیری عەلی داوایان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کرد ئەو بڕگەیەی پەیوەستە بە خواردنەوە کحولییەکان بەشێوەی کاتی رابگیرێت تاوەکو دادگەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات.
 
رۆژی یەکشەممە 9-7-2023، جۆزێف سڵێوە، جێگری سەرۆکی پارتی یەکێتی بەیتولنەهرێنی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دوای ئەوە هات، کە ئێمە داوامان کرد بەشێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی یاساکە رابگیرێت بۆ ئەوەی زیان بە بازرگانان نەگات و خەڵک زەرەر نەکەن، بەڵام رەتکرایەوە".
 
جۆزێف سڵێوە گوتی، "دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی 31ـی مانگی تەمموزی دیاریکردووە بۆ دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە؛ بۆیە ئەوە هەڵەیە کە دەگوترێت سکاڵای ئێمە لەسەر ئەو بابەتە رەتکراوەتەوە. ئێمە رژدین لەسەر هەڵوەشاندندەوەی ئەو بڕگەیە، چونکە ئەوە ئازادی خەڵکە و لە عێراق تەنیا خەڵکی موسوڵمان ناژین. عێراق وڵاتێکی فرەئایین و مەزهەبە و ناکرێت دەستوور پێشێلبکرێت و ئازادییەکان لەخەڵک زەوت بکرێن".
 
مانگی ئاداری ئەمساڵ، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 12 سکاڵا دژی یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق کە هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخەکات، تۆمارکران. 
 
یاسای داهاتی شارەوانییەکان لە 16 مادەی یاسایی پێکدێت کە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە 24ـی وەرزی یاسادانانی یەکەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان بە سەرۆکایەتی سەلیم جبووری و بە ئامادەبوونی 226 پەرلەمانتار پەسندی کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.