رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە، کە داواکرابوو حکومەتی عێراق بە پێدانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت، سکاڵاکە لەلایەن پارێزەرێکی کوردەوە لە دژی پێنج بەرپرسی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە، کە لە دژی ژمارەیەک بەرپرسی عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، لەوانە سەرۆکی حکومەتی کوردستان و وەزیری سامانە سرووشتییەکان.
هۆکاری رەتکردنەوەکەش بەپێی ئەیاد کاکەیی ئەوەیە 'سکاڵاکار مەرجەکانی تۆمارکردنی سکاڵای تێدا نییە و زەرەرمەند نییە لەو بابەتە.'
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2024 2024) دادگەی فیدراڵی تاوتوێی دوو سکاڵای پارێزەرێکی کوردی کردووە، کە لە دژی دوو بابەتی جیا لەسەر هەردوو سەرۆکی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەزیرانی نەوت و پلاندانان عێراق، سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە.
سکاڵاکان لەلایەن ئازاد دۆسکییەوە تۆمارکراون، لە سکاڵای یەکەمیاندا داوایکردبوو، دادگەکە سکاڵالێکراوان پابەند بکات بە جێبەجێکردنی مادەکانی (13،12،11،1)ـی یاسای ژمارە 13ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025.
ئازاد دۆسکی لەبارەی سکاڵایەکەوە بە رووداوی گوتبوو "سکاڵاکەم پێشتر تۆمارکردبوو بۆ ئەوەی دادگە حکومەتی عێراق بە خەرجکردنی بودجەی کوردستان پابەند بکات و کێشەی مووچەش چارەسەر ببێت، دەبێت حکومەتی عێراق رێژەی 12.67% کە لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بنێرێت."
ئەو مادانەی لەلایەن ئەو پارێزەرەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، پەیوەستن بە پشک، خەرجی و نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
یاسای بودجەى گشتی کە بۆ سێ ساڵە لە 12ـی حوزەیرانی 2023 لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە و، قەبارەکەی زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینار بوو، پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ