شاخەوان عەبدوڵڵا: بە بێ رێککەوتن ناهێڵین مادەی 14 تێپەڕێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بە بێ رێککەوتن ناهێڵین مادەی 14 تێپەڕێندرێت" و گوتی، لەو رەشنووسەی پێشتری مادەی 14دا کە هەردوو حکومەت لەسەر رێککەوتبوون، گۆڕانکاری تێدا کراوە.
لەبارەی ئەو گۆڕنکارییانەی لە مادەی 14 کراون، د. شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، لە رەشنووسی نوێدا باس لەوە دەکات، " ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا کێشە دروست بێت، ئەوان دێن بودجە دەبڕن کە ئەوان خۆیان لەو بیانووە دەگەڕێن، بۆیە گوتمان قبووڵی ناکەین دەنگ لەسەر ئەمە بدرێت و دانیشتنەکە هەڵگیرا."
مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، "رێگە نادەین بەوشێوەیە مادەی 14 تێپەڕێندرێت" و دەڵێت، دەبێت ئەو رەشنووسەی لەنێوان هەردوو حکومەت قسەی لەسەر کراوە، بێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.
هەروەها ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگدان بە هەریەکە لە مادەکانی 14، 15، 16 و 17 لە پڕۆژەیاسای بودجە دواخران.