ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: قاسم موسڵیح دەستی لە کوشتنی ئیهاب وەزنیدا نەبووە

09-06-2021
هێمن عەساف
نیشانەکردن ئیهاب وەزنی قاسم موسڵیح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا بێتاوانبوونی قاسم موسڵیح، فەرماندەی حەشدی شەعبیی راگەیاند و دەڵێت، "قاسم موسڵیح دەستی لە کوشتنی چالاکڤان ئیهاب وەزنیدا نەبووە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دادگە بە پشتبەستن بە بەڵگەکان لە چوارچێوەی یاسا و بەگوێرەی رێکاری لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی کەسێکی دیاریکراو دەردەکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی لایەنە ئەمنییەکانی سەربە دەسەڵاتی جێبەجێکار پێشکێشیان دەکات؛ دواتر بە نووسراوی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا بەو تۆمەتەی ئاراستەی کەسە دیاریکراوەکە دەکرێت، مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".
 
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق دەڵێت "دادگە لە هەموو رەهەندێکەوە سەیری دۆسیەکە دەکات و دەست بە دادگاییکردن دەکات، بەڵام لە نەبوونی بەڵگەی بەرجەستەی پشتپێبەستراو و جێگەی باوەڕ، دۆسیەکە دادەخرێت و دەستگیرکراوەکە بێتاوانبوونی بۆ رادەگەیێندرێت".
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "سەبارەت بە تیرۆرکردنی چالاکڤان ئیهاب وەزنی و دوای روونکردنەوەی دادگە تایبەتەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، دەرکەوت قاسم موسڵیح تۆمەتبارکرابوو بە کوشتنی ئیهاب وەزنی، بەڵام ناوبراو لەکاتی وەرگرتنی گوتەکانیدا لەبەردەم دادوەر و بەپێی زانیارییەکانی نێو پاسپۆرتەکەی، سەلماندی کە لەو رۆژەی ئیهاب وەزنی کوژرا، ئەو لە دەرەوەی عێراق بووە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دادگەی لێکۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەکی دەستنەکەوت کە بیسەلمێنێت قاسم موسڵیح راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەو تاوانەدا تێوەگلابێت یان کەسانێکی هاندابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە. بۆیە دوای 12 رۆژ لە دەستبەسەرکردنی، بڕیاری ئازادکردنی درا، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنەکان نەیانتوانی بەڵگەی متمانەپێکراو پێشکێش بکەن و کەسوکاری ئیهاب وەزنیش لە گوتەکانیاندا هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرایان بۆ تۆمەتبارکردنی ناوبراو نەبوو. ئەمەش لەکاتێکدایە، کوشتنی چالاکڤان وەزنی دەچێتە نێو چوارچێوەی تیرۆرەوە و ئەو جۆرە تاوانەش ئەنجامدەرەکەی رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەکرێتەوە".
 
ئیهاب وەزنی یەکێک بوو لە چالاکڤانە دیارەکانی شاری کەربەلا و درەنگانی شەوی شەممە 8ی ئایاری 2021 لە گۆڕەپانی ئەحرار لە ناوچەی حەداد لە ناوەڕاستی کەربەلا لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.
 
وەزنی لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2019ش لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو، ئەوکاتەی کە یەکێک بوو لە چالاکڤانە بەشدارەکانی خۆپێشاندانەکانی کەربەلا کە لە ئۆکتۆبەری 2019وە دەستیان پێکردبوو.
 
لەو خۆپێشاندانەشدا خۆپێشاندەران داوای چاکسازیی سیاسی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و تایفەگەری دەکرد لە عێراقدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دزیی سەدە

دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" بۆ 27ـی ئەم مانگە دواخرا

بەبێ ئامادەبوونی خۆی و لەسەر داوای پارێزەرەکەی، دادگاییکردنی کەسی سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" بۆ رۆژی 27ـی ئەم مانگە دواخرا، پەرلەمانتارێکیش کە ئامادەی دادگە بوو، دەڵێت "چاوەڕوانین و ئومێد دەکەین لە پرسی دادگاییکردنی تۆمەتباران، بێئومێدی لە دەروونی خەڵک نەچێندرێت."