رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیێنیت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کەرەستەی یەدەگی فڕۆکەی F-16 دەداتە عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/6/2021، لیوا تەحیسن خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە رێگەی کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشێکی زۆری چەک، کەرەستەی سەربازی، کامێرا و تاوەری دەستەبەرکردووە.
لیوا تەحسین خەفاجی، ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستیکردووە بە پێدانی کەرەستەی یەدەگی فڕۆکەی F-16 و فڕۆکەی " C-130 "، ئەمەش لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پابەندبوون بە گەشەپێدانی تواناکان بۆ ئەوەی توانای پاراستنی وڵاتیان هەبێت.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە، هەوڵەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە بۆ پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان بە دابینکردنی ئۆتۆمبێل و کەرەستە و تواناکان، تاوەکو بتوانن رووبەڕووی داعش ببنەوە.
بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رۆژی 22/5/2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای تایبەت بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکە F-16ەکان لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد کشاونەتەوە، بەڵام ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ بنکەیەکی دیکەی سەربازی و لەوبارەوەش سازان هەیە.
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سائیروونە رەتیکردەوە، ئەو تیمە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن و گوتی، دەکرێت لە داهاتوودا ئەو تیمە لە بنکەیەکی سەربازی لە ناوەڕاست یان باشووری عێراق نیشتەجێبن.
لۆکهید مارتن، کۆمپانیای ئەمریکی بواری پیشەسازیی جەنگی رایگەیاند، ئەو تیمەی کە پێشتر تایبەت بوو بە چاودێریکردن و چاککردنەوەی فڕۆکە F-16ەکانی عێراق، لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی، لە بنکەی سەربازیی بەلەد دەکشێنێتەوە و ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆتایی بە هێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە نێو خاکی خۆیدا بهێنێت.
پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکە 70 کارمەندی لە بنکەی سەربازیی بەلەد هەبووە، 50ـیان دەگەڕێنرێنەوە ئەمریکا و 20ی دیکەیان دەگوازرێنەوە هەولێر.
لەو بارەیەوە جۆزێف لامارکا، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای لۆکهید مارتن لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە سەلامەتیی کارمەندەکانمان کاری هەرە لەپێشینەمانە، لۆکهید مارتن تیمی فڕۆکە F-16ەکان لە عێراق دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە."
چاوەڕێدەکرێت بڕیاری کۆمپانیای لۆکهید مارتن ببێتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک فڕۆکە F-16ەکانی عێراق نەتوانن بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بکەن، لە کاتێکدا کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوکاریی هێزە سەربازییەکانی عێراقیان دەکرد.
ساڵی رابردوو بە هەمانشێوە، کۆمپانیای لۆکهید مارتن کارمەندەکانی خۆی لە بنکەی سەربازی بەلەد کشاندەوە، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا، دوای ئەوەی کە درۆنێکی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەو کاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی کوشت.
عێراق لە ساڵی 2011، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، فڕۆکە F-16ەکانی کڕی. ئەوەش دوای گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاری کە وەکو سەرەتایەک بۆ هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا لێکدرایەوە.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانان کە تۆڕی میدیایی رووداو-ش ئامادەی بوو و رۆژی 9/5/2021 بەخشکرا، گوتی عێراق هەوڵدەدات کە متمانە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دروستبکات، کەوا کارمەندەکانیان سەلامەت دەبن، هەروەها دانیشی بەوە دانا، پرۆگرامی فڕۆکە ئێف شازدەکانی عێراق کێشەی تێکەوتووە.
کازمی لەو بارەیەوە گوتی: "نەبوونی شارەزاکان بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەکان بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کاتی کڕینیان واژۆکراوە، کێشەیە. ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە بەهۆی کاری نابەرپرسیارانە و هێرشە مووشەکییەکانی سەر بنکەی بەلەد، لە عێراق کشاونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ