رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و سوپاسی عێراقی کرد بۆ ناردنی یارمەتی و پشتیوانیکردنی دانیشتووانی غەززە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی و ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە ئەو بڕیارەی حەماس بە رازیبوون بە ئاگربەست داویەتی بەرپرسانەیە و لە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی فەلەستینەوەیە".
سوودانی پشتیوانیی بۆ هەنگاوەکە نیشانداوە کە "رەنگە ببێتە هۆی راگرتنی نەهامەتییەکانی گەلی فەلەستینی"، وەکو لە راگەیێندراوەکە روونکراوەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پێویستیشی زانیوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی لەبارەی راگرتنی شەڕی غەززەوە هەبێت و وڵاتانی گەورە بەرپرسیارێتیی خۆیان لە راگرتنی هێرشەکان بخەنەگەڕ.
بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس وردەکاریی بڕیارەکەی حەماسی بۆ رازیبوون بە ئاگربەست بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسکردووە و گوتوویەتی سوپاسی حکومەت و گەلی عێراق دەکەن بۆ پشتیوانییکردنیان لە خەڵکی غەززە، چ لە رێگەی هەڵوێستە سیاسییەکانەوە بێت یان لە رێگەی ناردنی یارمەتییەکان کە عێراق بە چەند کاروانێک پێشتر ناردوویەتی.
رۆژی دووشەممە، 06-05-2024، بزووتنەوەی حەماس رازی بوو بەئاگربەست. زیاتر لە 215 رۆژە شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، نزیکەی 120 هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، لەو نێوانەدا زیاتر لە 36 هەزاریان لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ