کەسوکاری ئەو پیاوەی لە بەسرە 11 کەسی کوشت: گومانمان هەیە و شتێک لە پشتی رووداوەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە گریانی باپیرەیەک دەبینن بۆ منداڵێکی ساوا کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بوو و لەگەڵ 11 کەسی دیکە لە ماڵێکدا کوژران، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش، لەلایەن باوکێکەوە کوژراون و دواتر خۆیشی کوشتووە.
منداڵەکە ناوی عەباس ئەحمەد شاکر بوو. باپیرەیە بەچاوی پڕ فرمێسەکەوە دەڵێت، لەگەڵ دایکیدا بە میوانی لەو ماڵە بوون، "ئاخر تاوانی ئەم منداڵە چیە بۆچی کوشتان."
تائێستا زانیارییەکانی رووداوەکە بەمشێوەیەن:
شەوی 8ـی ئەم مانگە لە ناوچەی مەشروع لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای شەتوالعەرەب لە بەسرە پۆلیس ئاگادار دەکرێنەوە کە لە ماڵێکدا 12 کەس کوژراون، هەر زوو پۆلیس لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بکوژەکە" ناوی عەباس هەمزە حوسێنە و تەمەن 41 ساڵانە، 11 کەسی لە خانەوادەکەی کوشتوون و دواتر خۆیشی کوشتووە، بەڵام کەسوکاری کوژراوەکان ئەوە رەتدەکەنەوە.
ئامۆزایەکی عەباس باس لەوە دەکات، "ئەمە پڕوپاگەندەیە کە دەڵێن خانەوادەکەی خۆی کوشتووە، ئەم رووداوە دەستێکی لەپشتەوەیە، چونکە قەرزی لەسەر کەس نییە و قەرزداری کەسیش نییە، پێویستی بە هیچ نییە، دوو رۆژ لەمەوبەر نەشتەرگەری بۆ دایکی کردووە."
مامێکی عەباسیش دەڵێت، "ئەو تاکە کەسە لە بنەماڵەکەمان کە کێشەی نییە و هیچی لەسەر نییە، تەنانەت هیچ کارێکی خراپیشی نییە، ئەمە ئۆتۆمبێلەکەیەتی و ئەمەش خانووەکەی، لە هەموومان دەوڵەمەندترە."
هەریەک لە دادوەری تێهەڵچوونەوەی بەسرە، فەرماندەی پۆلیس و هێزەکانی بەڵگەی تاوان لە شوێنی رووداوەکەبوون.
دادوەر عادل عەبدولڕەزاق، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچونەوەی بەسرە گوتی، "دوای تەواوبوونی رێکارەکان، ئەوکات بۆ راگەیاندنەکان قسە دەکەین."
ناوی بەشێک لەو کەسانەی کە کوژراون:
شەش لە منداڵەکانی خۆی بە ناوەکانی: ئەحمەد، عەلی، کەڕاڕ، عەواتف، روقییە و ئەزەل. دوو کەسی دیکە بە ناوەکانەی محەممەد هەمزە و حسێن هەمزە. حسنە عەلی، هاوژینی و حەمدیە عەبدوڵڵای دایکیشی دووانی دیکە لە کوژراوەکانن.
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دوای شەش کاژێر لە رووداوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، باوکەکە 11 کەسی لە خانەوادەکەی کوشتووە و دواتر خۆشی کوشتووە، گوتیشی، بەهۆی زیانبەرکەوتنی لە مامەڵەیەکی بازرگانی و کۆبوونەوەی قەرزێکی زۆر لەسەری، تووشی نەخۆشیی دەروونی ببوو.