ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مەرجەکانی بەربژێربوون بۆ پۆستی پلە تایبەتەکان پەسند دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مەرجەکانی بەربژێربوونی بۆ پۆستی پلە تایبەتەکان پەسند کرد و دووان لە مەرجەکانیش ئەوەن کە تەمەنی بەربژێر لە 55 ساڵ زیاتر نەبێت و لانیکەم بڕوانامەی زانکۆی هەبێت. 

رۆژی سێشەممە، 09-05-2023، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەسەر هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرانی گشتی، راوێژکار و بریکاری وەزارەتەکان کردووەتەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێوەرەکانی بەربژێربوونی بۆ پلە تایبەتەکانیش پەسندکرد بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی بەڕێوەبەری گشتی، پلە تایبەتەکان، راوێژکار، بریکاری وەزارەت و ئەوانەی پلەی وەزیریان هەیە.
 
دیارترین مەرجەکانی بەربژێربوون بریتین لەوەی تەمەنی بەربژێر لە 55 ساڵ زیاتر نەبێت، لانیکەم بڕوانامەی زانکۆی هەبێت، پسپۆڕییەکەی لەگەڵ سرووشتی ئەرک و پۆستەکەی گونجاو بێت؛ بەربژێری پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پێویستە لانیکەم 10 ساڵ خزمەتی هەبێت و بۆ پلەی وەزیر، بریکار یان راوێژکاریش پێویستە خزمەتی راستەقینەی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باشترە بەربژێری پۆستی بریکاری وەزارەت پێشتر راوێژکار یان بەڕێوەبەری گشتی بووبێت. 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی پەسندکرد سەبارەت بە دانەوەی پشکی عێراق لە بانکی نێودەوڵەتی کە تێیدا وەزارەتی دارایی بڕی (26.898.925.642) دینار بدات، ئەمەش دوای پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2023 لەگەڵ رەچاوکردنی نرخی نوێی فرۆشتنی دۆلار لە رێککەوتی داواکارییەکە و دانەوەی پارەکە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیادرا سێ ملیار دینار بۆ پارێزگای ئەنبار خەرج بکرێت بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی دەروازەی عەرعەری سنووری و پێشوازی و بەڕێکردنی حاجیان.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتیشی دایە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بۆ دانوستاندن و واژۆکردنی پڕۆژەی رێککەوتنی هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لەنێوان عێراق و قوبرس و عێراق و ئەرمینیا. لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا 57 بەڕێوەبەری گشتی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
 
ماجد شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی 03-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 57 بەڕێوەبەری گشتی لە عێراق لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە کە 30یان لە بنەڕەتدا بەڕێوەبەری گشتی و 27ـەکەی دیکەیان بەوەکالەت بەڕێوەبەری گشتی بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوودا چەندین بەڕێوەبەری گشتیی دیکە لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، 439 بەڕێوەبەری گشتی وەک هەنگاوی یەکەم بۆ هەڵسەنگاندن دیاریکراون کە 322یان هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە؛ نزیکەی سێ هەزار بەڕێوەبەری گشتیی دیکە هەڵسەنگاندن دەیانگرێتەوە.
 
هەر لەوبارەوە هیشام روکابی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، لێهاتوویی، دەستپاکی و کاری پیشەییانە بنچینەی هەڵسەنگاندنەکە دەبێت و "ئامانج لەو هەنگاوەش گەڕانەوەی زیندووێتییە بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت و کێبڕکێکردنە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان."