عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەى نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر گوتارێکی پێشکێش کرد
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، یەکێک لە پایەکانى پارەدارکردنى تیرۆر، مادەى هۆشبەرە و دەڵێت "رووبەڕووى جەنگێکى ئاڵۆز دەبینەوە، کە مەترسییەکەى کەمتر نییە لەو جەنگەى لە دژى تیرۆر کردمان و هەردووکیان دوو دیوى یەک دراون".
رۆژی 9ـی ئایارى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، یەکێک لە پایەکانى پارەدارکردنى تیرۆر مادەى هۆشبەرە و، بڵاوبوونەوەى لەسایەى تیرۆردا زیاتر دەبێت، جەختیشی کردەوە لەوەی "تیرۆر و مادەى هۆشبەر دوو دیوى یەک دراون".
لە گوتارێکدا کە لە کۆنگرەى نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر پێشکێشی کرد، سوودانى رایگەیاند "لەسەر ئاستى ناوخۆ رووبەڕووى مادەى هۆشبەر دەبینەوە، گرنگە کە هاریکارى نێودەوڵەتى و هەرێمى هەبێت لە رێگەى گۆڕینەوەى زانیاری و هاوئاهەنگی بۆ ئاشکراکردنى تۆڕەکانى مادەى هۆشبەر".
بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرـی عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخی بە مادەى هۆشبەر دەستگیر کراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى "رووبەڕووى جەنگێکى ئاڵۆز دەبینەوە، کە تێیدا دوژمن دزەدەکات بۆ لەناوبردنى رۆڵەکانمان و لێکهەڵوەشاندنەوەى خێزانەکانمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ