راپۆرتێکی نوێ باسی بەشداریی چەند ئەفسەرێکی کورد لە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕێکی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا ئاشکراکردووە، کە بەپێی راپۆرتەکە هێزێکی دژەتیرۆر  (CTG) رۆڵی لەو ئۆپەرسیۆنەدا هەبووە. لە بەرامبەردا دەزگای دژەتیرۆر رەتیدەکاتەوە کە لەو کردەوەیەدا بەشداربووبێت.
 
بەپێی ئەو راپۆرتەی یاهوو نیوز کە بە پشتبەستن بە زانیاریی 15 بەرپرسی پێشوو و بەرپرسی ئێستای ئەمریکی نووسراوە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ تیمی دەلتا فۆرس، هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا، سێ درۆن بەشدارییان کردووە، هەروەها ئیسرائیل و ئەندامانی دژە تیرۆر تێیدا بەشداربوون.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا دەڵێت: سێ تیمی هێزی دەلتا لە کانوونی دووەمی 2020 لە شوێنە جیاوازەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بەنهێنی و بە دووربینەکانیان فڕۆکەخانەیان خستووەتە ژێر چاودێریی خۆیانەوە و چاوەڕێی گەیشتنی ئامانجەکەیان بوون: ئەویش قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بوو. ئەوان جلوبەرگی کرێکاری نۆژەنکردنەوەیان لەبەر کردبوو و لە باڵەخانە کۆنەکان و ئۆتۆمبێلەکانی قەراخ شەقامەکان خۆیان حەشار دابوو.
 
بەو شێوەیەی کە لە راپۆرتەکەی یاهوو نیوز باسکراوە، ئەمریکییەکان رایانگەیاندبوو گۆشەی باشووری رۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەکە بۆ راهێنانی سەربازی داخراوە. سێ تیمی نیشانشکێن لە مەودای 500 تاوەکو 700 مەتر دوورتر لە شوێنی کوشتنەکە، جێگیر ببوون، واتە هەمان ئەو شەقامەی کە دەچێتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. 
 
ئەوان بە جۆرێک دامەزرابوون کە کاتێک قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانە دێتە دەرەوە، لە سێ گۆشەیەکدا بیخەنە داو. دووربینی یەکێک لە نیشانشکێنەکان پەیوەندیی راستەوخۆی بە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە هەبوو، واتە ئەو شوێنەی کە فەرماندەی هێزی وشکانی دەلتا فۆرس لەگەڵ ستافێکی پشتیوانیدا لێی جێگیر بوون.
 
هۆکارە ژینگەییەکانی وەکو با کاریگەریی لەسەر تەقەکردنی نیشانشکێنەکان هەیە، بەڵام دەلتا فۆرس پشتیان بەو ئەگەرە نەبەستووە. ئەندامێکی گرووپی دژە تیرۆری کوردستان (Counter-Terrorism Group - CTG) ، یەکەیەکی تایبەتی کوردی لە باکووری عێراق کە "پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ دەلتا فۆرسدا هەیە"، یارمەتیان دان بۆ ئەوەی هێزی با پێوانە بکەن.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، سەرەنجام ئەو فڕۆکەکەی سولەیمانی لە دیمەشقەوە هەستابوو، دوای چەند کاژێر دواکەوتن و دوای نیوەشەو لە رۆژی 3ی کانوونی دووەم 2020 لە فرۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە. سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی ئەمریکی لەسەر سەریەوە دەسووڕانەوە. کاتێک کە فڕۆکەکە لە باندی فڕۆکەخانەوە بەرەو بەشی داخراوی فڕۆکەخانە دەچوو، یەکێک لە ئەندامانی کورد کە جلوبەرگی فەرمانبەری فڕۆکەخانەی لەبەر کردبوو، بۆ راوەستان رێنوێنی فڕۆکەکەی دەکرد. کاتێک کە ئامانجەکە لە فڕۆکە دابەزی ستافی ئەمنیی کورد CTG کە رۆڵی بەشی خزمەتگوزاری هەڵگرتنی جانتاکان دەگێڕا، لەوێ ئامادەبوون تاوەکو ئامانجەکە بناسنەوە.
 
سولەیمانی تازە گەیشتبووە فڕۆکەخانە. جەنەراڵە ئێرانییەکە و هاوڕێکانی سواری دوو ئۆتۆمبێل بوون و بەرەو ناوچەی کوشتن رۆیشتن، واتە شوێنێک کە نیشانشکێنەکانی دەلتا فۆرس چاوەڕێ بوون.
 

دوو ئۆتۆمبێلەکە، یەکیان سولەیمانیی تێدا بوو، بۆ چوونەدەرەوە لە فڕۆکەخانە چووە سەر شەقامەکە. سێ تیمی دەلتا فۆرس ئامادە بوون و پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکە بوو. لەسەر سەریشیانەوە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تایبەت بەفڕین لە کاتی شەودا دەفڕین، دوو لەوان هەڵگری مووشەک لە جۆری هێڵ فایەر بوون. 
 
بەگوتەی بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا، شەش کاژێر پێش لە گەشتەکە، سولەیمانی سێجار تەلەفۆنەکەی خۆی گۆڕی. لە تەلئەبیب، فەرماندەیی تایبەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان هاوکارییان دەکرد تاوەکو شوێنی تەلەفۆنەکانی سولەیمانی دەستنیشانبکەن. ئیسرائیلییەکان کە ژمارە تەلەفۆنەکانی سولەیمانییان هەبوو، ژمارەکانیان بە ئەمریکا داوە، ئەوانیش شوێنپێی سولەیمانی و تەلەفۆنەکەیان تاوەکو بەغدا هەڵگرتووە.
 
باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا لەبارەی ئەو رووداوە وەڵامی یاهووی نەداوەتەوە.
 
یاهوو نیوز لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات، دوو ئۆتۆمبیلەکە بەرەو ناوچەی کوشتن بەڕێکەوتن، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئۆتۆمبێلەکانیان کردە ئامانج. دوو موشەکی هێڵ فایەر ئۆتۆمبێلەکەی سولەیمانییان کردە ئامانج. ئۆتۆمبێلی دووەم بۆ خۆ قوتارکردن، خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی زیاتر کرد. پێش ئەوەی نیشانشكێنەکانی دەلتا فۆرس تەقە بکات، شۆفێرەکە بە ناچار راوەستا، نزیک بە 90 مەتر رۆیشتبوو. کاتێک کە ئۆتۆمبێلەکە راوەستا، سێیەمین مووشەکی هێڵ فایەر لەویشیدا.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە بەرپرسێکی پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا – سی ئای ئەی گوتوویەتی: بەرپرسانی ئەم دەزگا هەواڵگرییە کە دەیانویست بەشداریی ئەمریکا لەمجۆرە ئۆپەراسیۆنانەدا بشارنەوە، رەنگە پلانی جیاوازیان بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی تاوتوێ کردووە. هەروەها هەندێ لە بەرپرسانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش، لەبەر لایەنی یاسایی، دژی بەشداریی سوپای ئەمریکا لەو ئۆپەراسیۆنەدا بوون.
 
بەپرسانی باڵای پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی رێکارە ئەمنییەکانی واشنتن لە دژی تۆڵەکردنەوەی ئێران لە ئەو کەسانەی کە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە رایانگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر بودجەیەکی 15 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە رووبەڕووی هەڕەشەیەکی رژدی دەبنەوە".
 
مایک پۆمپیو، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و سی ئای ئەی لەبارەی ئەو راپۆرتەی یاهوو نیوز وەڵامی هیچ پرسیارێکی نەداوەتەوە.
 
دەزگای دژەتیرۆر: بەهیچ شێوەیەک لەو کردەوەیەدا بەشدار نەبووین
 
هەرچەندە لە راپۆرتەکەدا باس لە CTG کراوە کە دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بۆ ئەو مەبەستەش راپۆرتێک لەسەر دژەتیرۆری یەکێتی هایپەرلینک کراوە، بەڵام دەزگای دژەتیرۆر رەتیدەکاتەوە کە لە کوشتنی قاسم سولەیمانی بەشداربووبێت و لە راگەیێندراوێکدا باس لەوەکراوە کە نازانم مەبەست کام دژەتیرۆری کوردستانە و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربوون و به‌شداربوونی هێزه‌كه‌یان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تدە‌كه‌نه‌وه‌.
 
دەزگای دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند: "شه‌وی 8/9-5-2021 راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕوون تۆمه‌تی به‌شداربوون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سولەیمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له‌ شوێنێكی دیکە ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌، گه‌رچی ئێمه‌ نازانین كه‌ نووسه‌رانی راپۆرته‌كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ كام هێزی دژه‌ تیرۆره‌ له‌ كوردستان، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ ‌‌ تا ئێستاش وه‌ك ئاشكرایه، دوو هێزی پێشمه‌رگه‌ و دوو ئاسایش و دوو هه‌واڵگری و دوو دژه‌ تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ وه‌ك هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر هه‌بێت، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربوون و به‌شداربوونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان قاسم سولەیمانی و مام جەلال کراوە و تێیدا هاتووە: "ژه‌نراڵ قاسم سولەیمانی هاوڕێیه‌كی نزیكی خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بووه‌ و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێك لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ به‌ تیرۆریزمی كردووه‌ کە قاسمی سولەیمانیش تیایدا دەجەنگا. ئاشکرایە کە بە تیرۆرکردنی سه‌ركرده‌یه‌كی له‌م ئاسته‌، هەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوڕێیەکی مام جەلالی لەدەستچوو".
 
 
نووسەری راپۆرتەکە: گوتەبێژی لاهوور شێخ جەنگی پەیوەندی پێوە کردم
 
جاک مۆرفی، یەکێک لە نووسەرەکانی ئەو راپۆرتەی یاهوو نیوز لە تویتەری خۆی رایگەیاندووە، دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە "لاوێن ئازاد، گوتەبێژی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندی پێوە کردم و رەتیکردەوە لە کوشتنی سولەیمانی بەشداربووبن".
 
دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق دەزگای دژەتیرۆر بە یارمەتیی ئەمریکا دەستی بە رێکخستنی ریزەکانی کرد، بەپێی زانیارییەکانی زاک مۆرفی، پۆڵاد تاڵەبانی کە تاوەکو ئەو کات لە بەریتانیا بوو، گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بووە فەرماندە لە دەزگای دژەتیرۆر و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سی ئای ئەی، دەلتا فۆرس و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دیکە دروستکرد.
 
ئەو نووسەرە ئەمریکییە ئاماژە بەوە دەدات کە لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندیی لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی سی ئای ئەی هەبووە کە هاوکارییان لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆردا کردووە و پێیان راگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکەی قاسم سولەیمانی یەکەم ئۆپەراسیۆنی دەزگای دژە تیرۆر نەبووە لە بەغدا.
 
یەکێک لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ رزگارکردنی منداڵێک بووە کە لە سلێمانی رفێندراوە و دەزگای دژە تیرۆر چوونەتە نزیک بەغدا بۆ رزگارکردنی منداڵەکە، پۆڵاد تاڵەبانی لە ساڵی 2015 بەو نووسەرە ئەمریکییەی گوتووە، "چوار دووژمنمان کوشتووە، چەند کەسێکیشمان بریندارکردووە، بۆ ئەوەی منداڵەکە رزگار بکەین".
 
پۆلاد تاڵەبانی بە جاک مۆرفی راگەیاندووە، "واماندەزانی ئەمریکا دوای شەڕ بەشێک لە ماددەکان بەجێدەهێڵێت، بەڵام رۆژێک هەموو جانتاکانیان کۆکردەوە و گوتیان ، 'خواتان لەگەڵ' ". چەکەکان بەرەو کەمبوونەوە دەرۆشتن تاوەکو کاتی سەرهەڵدانی داعش کە بارودۆخەکەی گۆڕی.
 
سەرەتای گفتوگۆ لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ئیدارەی ترەمپدا
 
پلاندانان بۆ کوشتنی سولەیمانی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کاتێک کە مایک پۆمپەیۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی هەواڵگریی ئەمریکا- سی ئای ئەی بوو، دەستیپێکرد.
 
باسوخواسی کوشتنی سولەیمانی ساڵی 2018 لە کۆشکی سپی دەستیپێکرد. واتە هەر ئەو کاتەی کە ئەمریکا رایگەیاند لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێتەوە. هەوڵەکان بۆ کوشتنی سولەیمانی لە تشرینی دووەمی 2019ەوە رژدتر دەبن. دوای ئەوەی کە لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی 2019 کە بەڵێندەرێکی ئەمریکایی لە کەرکووک کوژرا پێشنیازی کوشتنی قاسم سولەیمانی خرایە سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ.
 
سەرەتا وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە بوون، بەڵام کاتێک کە ململانێیەکان لە ساڵی 2019 قووڵ دەبنەوە، پرۆژەکە دەبێتە بابەتێکی رژدی.
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بە یاهوویان گوتووە: بەرپرسانی ناوەندیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان بۆ کوشتنی سولەیمانی چوار بژاردەیان خستەبەردەست ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی: لەڕێگەی نیشانشکێنەوە لە مەودای دوورەوە لێی بدەن، یان بە تیمێکی تایبەت هێرش بکەنە سەر ئۆتۆمبێلەکەی، لە ماددەی تەقەمەنی قەراخ شەقامەکە کەڵک وەربگرن یان هێرشێکی ئاسمانی بکەنەسەر. بەرپرسانی ئەمریکی لەسەر هێرشی ئاسمانی رێکدەکەون.
 
کریستوفر میلەر، سەرپەرشتی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، دەڵێ: ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە کوشتنی جەنەراڵێک بوو. لیستێک لەبەر دەستدا بوو کە سوپای ئەمریکا پلانی کوشتنیانی هەبوو، بەڵام ئەو دەڵێ:  ژمارەی وردی ئەو بەرپرسە سەربازی و هەواڵگرییە ئێرانییانە نازانێت.
 
بەپێی راپۆرتەکەی یاهوو، ئەمریکا لە شەوی کوشتنی سولەیمانیدا هەوڵیداوە عەبدولڕەزا شەهلایی، فەرماندەیی سوپای قودس لە یەمەنیش بکوژرێت. 
 
بەرپرسێکی سەربازی بە یاهووی گوتووە: شەهلایی تەنیا ئامانج نەبوو. هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا دوو ئۆپەراسیۆنیان بۆ کوشتن یان رفاندنی هەندێ ئەندامی حەشدی شەعبی لە عێراق بەڕێوەبرد، کە لەودا کەسێک گیرا، بەڵام کەسەکەی دیکە توانیی رابکات. بڕیار بوو هەندێ ئامانجیش لە سووریا هێرشیان بکرێتەسەر، بەڵام بە هەندێک هۆکاری ناڕوون پلانەکە هەڵوەشایەوە.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی 2019، هێزەکانی دەلتا فۆرس و ئەندامانی دیکەی ئۆپەراسیۆنەکە لە گرووپی بچووک بچووکدا هاتووچۆیان بۆ بەغدا دەستپێکرد. ئەندامانی کورد، کە رۆڵیان لەو کوشتنەدا هەبوو، دزەکردنە نێو فڕۆکەخانەی بەغدایان دەستپێکردبوو و خۆیان لە جلوبەرگی فەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی هەڵگری جانتا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی فرۆکەخانەدا شاردبووەوە.
 
هاوکات کە هێزەکانی دەلتا فۆرس و هاوپەیمانە کوردەکانیان لە فڕۆکەخانەی بەغدا جێگیر دەبوون، لە واشنتیش گرووپێکی بچووک لە بەرپرسانی پایەبەرزی لە ژووری باردۆخی تایبەت خۆیان بۆ هێرشەکە ئامادە دەکرد. ترەمپیش لەڕێگەی پەیوەندیی دەنگییەوە پەیوەندیی بە ژوورەکەوە هەبوو.
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە یاهوویان گوتووە، یەکێک لە کوردەکان کە جلوبەرگی پۆلیسی لەبەر کردبوو چووە سەر ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکەی قاسم سولەیمانی، وێنەی لێگرت و بۆ پشکنینی DNA  خێرا پارچە گۆشتێکی هەڵگرت. 
 
راپۆرتەکە باس لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەش بۆ گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی قاسم سولەیمانیی دەکات. بەپێی راپۆرتەکە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بە ئەمریکایان راگەیاندووە کە بەرپرسێکی ئێرانی دەیەوێت هەندێک مۆبایلی پێشکەوتوو بۆ فەرماندەکانی سوپای قودس بکڕێت.
 
ئەمریکییەکان ئەو کەسە دەستنیشان دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت کە دەیەوێت لە وڵاتانی کەنداوەوە مۆبایلەکان بکڕێت. ئەوان دزە دەکەنە نێو گرووپی فرۆشتنی مۆبایلەکان و هەندێ مۆبایلی کە سۆفتوێری تایبەت بە بیستنیان تێدا داناوە، بە ئێرانییەکان دەفرۆشن. بەپێی ئەو راپۆرتە، یەکێک لە مۆبایلەکان دەکەوێتە دەستی یەکێک لە فەرماندەکانی نزیک لە قاسم سولەیمانی.