ئەو پێنج کەسە کێ بوون کاتى لەسێدارەدانى سەدام حوسێن ئامادەبوون؟


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنووسی جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووترى عێراق، ئامادەبوونى پێنج کەس ئاشکرا دەکات کە ئەرک و بەرپرسیارێتیی فەرمیان هەبووە لە ساتى جێبەجێکردنى سزاکەدا؛ هاوکات کاتەکەیشی ئاشکراکردووە.
 
کۆنووسەکە وردەکاریی لەسێدارەدانەکە ئاشکرا دەکات کە بەرەبەیانى 30ـی کانوونى یەکەمى 2006 بووە.
 
لە کۆنووسەکەدا ناوى ئەو بەرپرسانە ئاشکراکراوە کە ئامادەى پرۆسەى لەسێدارەدانەکە بوون و واژۆیان لەسەر کۆنووسەکە کردووە کە بریتین لە هەریەک لە حوسێن کرباسى، بەڕێوەبەرى گرتووخانەى تووندپارێزراو، مونقیز ئال فیرعەون، داواکاری گشتى، تاریق نەجم عەبدوڵڵا، نوێنەرى سەرۆکوەزیرانى عێراق، مونیر حەداد، دادوەرى پێداچوونەوە لە دادگەى باڵاى تاوانەکان و دکتۆر مەهدى عەبدولجاسم، پزیشکى گرتووخانە.
 
بەگوێرەى کۆنووسەکە، سەدام حوسێن لە کاژێر 6:10 خولەکی بەرەبەیانى رۆژی شەممە، 30ى کانوونى یەکەمى 2006 لەسێدارە دراوە. لەبەشێکى دیکەى کۆنووسەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لەدواى دڵنیابوونەوە لە گیانلەدەستدانى سەدام حوسێن، کۆنووسەکە بە واژۆى سەرجەم ئامادەبووان داخراوە.

 

 
سەدام حوسێن لە 13ـی کانوونى یەکەمى 2003 لەلایەن هێزەکانى ئەمریکاوە لە کێڵگەیەکى شارى تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەلاحەدین دەستگیرکرا، ئەوەش لەپاش زیاتر لە هەشت مانگ بوو لە رووخانى حکومەتەکەی و خۆشاردنەوەى.
 
لە 29ـی تشرینى دووەمى 2006 سەدام حوسێن لەلایەن دادگەی باڵاى تاوانەکانى عێراقەوە سزاى لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.