لە تەلەعفەر دەست بەسەر بڕێك چەك و تەقەمەنیدا گیرا

رووداو

رووداو دیجیتاڵ
     
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند هێزە ئەمنییەکان لە زنجیرە چیای عەیازیە لە سنووری قەزای تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستیان بەسەر بڕێك چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، ئەمڕۆ هەینی 09-04-2021 هێزێكی سەر بە فەوجی 2 لیوای 73 فرقەی 15 هەڵمەتێكی ئەمنییان دژی چەكدارانی داعش لە زنجیرە چیای عەیازیە لە سنووری قەزای تەلەعفەر لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کردووە
لەو هەڵمەتەدا هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەستیان بەسەر 50 هاوەنی عەیار 82 میلیمەتر، 50 هاوەنی عەیار 120 میلیمەتر، 5 گوللـە تۆپی عەیار 155 میلیمەتر و 9 نارنجۆكدا گرتووە، تەواوی تەقەمەنییە دەستبەسەرداگیراوەكەش لەلایەن تیمی ئەندازەیی سەربازی تەقێندراونەتەوە.
 
هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەكانیان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی چەكدارانی داعش و داواكراوان، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی یەكشەممە 04-04-2021 گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سێ مانگی رابردوودا هێزەكانی دژە تیرۆر 109 ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق کردووە، بەوهۆیەوە 133 چەكداری داعش كوژراون و دەستگیركراون".
 
ساڵی 2017 عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە جموجووڵیان لە نێو خاکی عێراق ماوە، بەتایبەت لە چەند مانگی رابردوودا.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی لەژێر ناونیشانی "شێری ئامادە" دژی چەکدارانی داعش دەستپێکرد. هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە زەوییەوە بە چەکی سووک و مامناوەند و لە ئاسمانیشەوە هێلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانیی عێراق، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی داعش.