تائێستا 301 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رايگەیاند، تاوەكو ئێستا 301 كەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێركردووە، لە کاتێکدا 17ی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ ناوتۆمارکردن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "246 كەس وەكو تاك، 51 كەس لەرێگەی پارتەكان و 4 كەسیش لە رێگەی هاوپەیمانییەكان، خۆیان بەربژێر کردووە، ئەمەش لە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان كەمترە، كە 329 كورسییە".
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تائێستا دووجار ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و بەربژێرەکانی درێژکردووەتەوە، دوایینجار بڕیاری دا ماوەی تۆمارکردنی بەربژێرەکان بۆ 1-5-2021 درێژبکاتەوە و بەربژێرەکانیش بۆ 17-4-2021.
 
بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو ئێستا مۆڵەتی دامەزراندن بە 250 حیزب دراوە و دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، داواکاری دامەزراندنی 65 حیزبی دیکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
وا بڕیارە رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 26 ملیۆن و 642 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.