ناوی كارمەندانی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێت

رووداو - هەولێر

ناوی كارمەندانی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن بە شێوازێكی ئەلیكترۆنی و بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێت، ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانیش دەڵێت: "زیاتر لە 3 ملیۆن كەس ناوی خۆیان نووسیوە، لەكاتێكدا كۆمیسیۆن پێویستی بە 300 هەزار كەسە".

د. سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 9-4-2018 كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ناوی ئەو كەسانە جیادەكاتەوە كە سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن، کە بڕیارە 
لە 12-5-2018 بەڕێوەبچێت.

کاکەیی گوتیشی: "جیاكردنەوەی ناوەكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی دەبێت، لە هەموو عێراقدا زیاتر لە 3 ملیۆن كەس ناویان نووسیوە، بەڵام كۆمیسیۆن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن تەنیا 300 هەزار كەسی پێویستە".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران باسی لەوەش كرد، ئەو كەسانەی ناویان دەردەچێت، بۆ چەند رۆژێک كاركردن گرێبەستێكیان بە بڕی 200 یان 300 هەزار دینار لەگەڵ دەكرێت.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح