دادگای باڵای فیدراڵی: فیداییەکانی سەدام حوسێن لە خانەنشینی سوودمەند دەبن

09-03-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن فیداییەکانی سەدام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێک بۆ سوودمەندبوونی ئەندامانی هێزی فیداییەکانی سەدام دەردەکات، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریش داوا لە دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی دەکات بڕیارەکە جێبەجێ بکات، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت و ناکرێت ئەوانەی فیدائیی سەدام بوون سوودمەندبن، چونکە کاری خراپەیان زۆر بوو".
 
بەپێی نووسراوێکی دەستەی باڵای نیشتمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری، کە رۆژی 8-3-2023، ئاڕاستەی دەستەی نیشتمانی خانەنشینی کردووە لەبارەی بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵی تایبەت بە فیدائییەکانی سەدام هاتووە: "هاوپێچ بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی ژمارە 220ـی فیدراڵی لە 2022ـتان بۆ دەنێرین و دەمانەوێت پێتان بڵێین پێویستە پابەندبن بە ناوەڕۆکەکەی و رەوانەکردنی ئەو کەسانەی بڕگەی چواری ماددەی شەشی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی ژمارە 10ـی ساڵی 2008 دەیانگرێتەوە بۆ خانەنشینی، بەڵام لە مافەکانی خانەنشینیان بێبەش بکرێن لەو ماوەیەی لە دەزگای سەرکوتکاری فیداییەکانی سەدام کاریان کردووە، بەڵام خزمەتەکانی دیکەیان لە دەرەوەی ئەو دەزگایە بۆ هەژمار بکرێت و مافە خانەنشینییەکانیان بەپێی یاسای خزمەت و خانەنشینیی کارپێکراو، پێبدرێت".
 
نووسراوەکە ناڕەزایەتی لە سۆشیاڵ میدیای عێراق لێکەوتووەتەوە، چونکە ئەندامی ئەو دەزگایە کەسە دڵسۆزەکان بۆ رژێمی بەعس و سەدام حوسێن بوون.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو هێزە (فیدائییەکانی سەدام) هێزێکی سەرکوتکار بوون و کاری خراپەیان زۆر بووە، ئێمە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین، بەڵام دەبێت لیژنەی یاسایی بەدواداچوونی یەکەم بۆ بابەتەکە بکەن و دواتر رەوانەی ئێمەی بکەن".
 
فیداییەکانی سەدام، هێزێکی سەربازیی سەر بە حیزبی بەعس بوون، راستەوخۆ فەرمانیان لە سەدام حوسێنەوە وەردەگرت، دەزگاکە لە 7ـی تشرینی ساڵی 1994 بە پێشنیازی عودەی کوڕی سەدام حوسێن دامەزرا، نزیکەی 25 هەزار ئەندامی هەبوو، لە ساڵی 1998 بەشێکی لێ جیابووە بەناوی بەچکەشێرانی سەدام و ئەوانەبوون کە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 15 ساڵان بوو، عودەی راستەوخۆ سەرپەرشتی هێزەکەی دەکرد.
 
دادگەی باڵای فیدراڵی لە دانیشتنی رۆژی 8-2-2023ـیدا، بڕیاری لەبارەی کەیسی سوودمەندبوونی فیداییەکانی سەدامەوە دەرکرد. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە