رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، 65 هەزار زیندانی لە زیندانەکانی وەزارەتەکەیانن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 85 منداڵ لەگەڵ دایکیان لە زیندانەکاندان.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 09-02-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە بەندیخانەکانی عێراقدا 65 هەزار زیندانی لە 30 بەندیخانەدان."
سەبارەت بە زیندانیانی بیانی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی "هەزار و 600 زیندانیی بیانی هەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق باسی لە جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی کرد و گوتی، هەرکاتێک یاساکە بەتەواوی پەسندکرا و لە رۆژنامەی فەرمی عێراق بڵاوکرایەوە، دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 04-02-2025 دادگەی باڵای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەسەر بنەماى پێنج سکاڵا فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای باری کەسی، لێبووردنی گشتی و گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنی رەسەنیان دەرکرد، تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵا تۆمارکراوەکان لەسەریان یەکلایی دەبنەوە.
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق کۆبووەوە و دژى بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی وەستایەوە و بە "نایاسایی" ناوی برد.
هەرسێ یاساکە لە دانیشتنی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسندکران.
راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، نیگەرانی و ناڕەزایی سوننەکانی لێکەوتەوە، چونکە لێبووردنی گشتیی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سوننەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ