دادگەی فیدراڵی بۆ جاری دەیەم لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆدەبێتەوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "سکاڵاکە هیچ شتێکی نەماوە، تەنیا بڕیاردان نەبێت، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دادگە کە بڕیارەکە دەدات یان نا."
 
رۆژی یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەبارەی چوار دۆسیەی جیاواز کۆدەبێتەوە، یەکێکیان سکاڵایەکە، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا نۆ دانیشتنی لەبارەوە کراوە؛ کە دوایینیان لە 4ـی شوباتی 2024 دواخرا و پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە، لە رووی وادەی تاوتوێکردن و دواخستنییەوە بە یەکێک لە درێژترین ئەو سکاڵایانە هەژماردەکرێت، کە لە دادگەکەدا هەن، بەتایبەت ئەوانەی کە پەیوەستن بە کوردستانەوە.
 
شەرمین خدر، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بە رووداوی گوت، "دواخستنی بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایە لە دوای کۆبوونەوەی دادگەکە کە رۆژی 4ـی ئەم مانگە بوو، بەهۆی ئەوە بوو دادگەکە داوای لە کۆمیسیۆن کردبوو ژمارەی دەنگدەرانی کوردستان و دابەشبوونیان بەپێی پارێزگاکان بە لیستێک بداتێ."
 
سەبارەت بە بڕیاردان لەبارەی ئەو سکاڵایە، شەرمین خدر گوتی، "ئەوە دەکەوێتە سەر دادگە و دادوەر چ بڕیارێک دەدات، بەڵام هیچ شتێکی نەماوە."
 
بەپێی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سکاڵاکە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێکارەکانی ئەوانی بۆ هەڵبژاردن راگرتووە و خشتەی کارەکانیشی دواخستووە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەپێی ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، هەروەها بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بە گوێرەی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30% کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بە گوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.