میسانیش پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵبژارد؛ تەنیا کەرکووک و دیالە ماون

09-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری هەڵبژارد، بەمەش بووە سێزدەهەمین پارێزگای عێراق کە حکومەتی خۆجێی هەڵبژێرێت. ئێستا تەنیا دوو پارێزگا ماون کە حکومەتە خۆجێیەکانیان هەڵنەبژاردووە ئەوانیش کەرکووک و دیالەن.
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەیینی، 09-02-2024، دوای ناکۆکییەکی زۆر، ئەنجوومەنی پارێزگای میسان هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بۆ دەستنیشانکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگا یەکلاییکردەوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگا حەبیب فەرتووسی، لە فراکسیۆنی بەدری نێو نەبنی بە سەرۆکایەتیی هادی عامریی بۆ پۆستی پارێزگار، مستەفا دعیر، لە فراکسیۆنی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، وەعد حەسەن عەلیاوی و مونزر شوای، بۆ جێگرانی یەکەم و دووەمی پارێزگا، هەروەها فالح لەتیف نووری بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان هەڵبژارد.
 
وەعد حەسەن عەلیاوی، کە بە جێگری یەکەمی پارێزگار هەڵبژێردرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ماوەیەکی زۆر، هەنگاوی یەکەممان بەرەو ئاراستەیەکی دروست تەواو کرد، ئومێد دەکەین بتوانین لە داهاتوودا خزمەتی هاووڵاتییانی پارێزگاکەمان بکەین و دەست بە کارەکان بکەین."
 
ئەنجوومەن پارێزگای میسان لە 14 کورسی پێکدێت، کە بەمشێوەیە بەسەر لایەنەکان دابەشبووە، هاوپەیمانیی نەبنی شەش کورسی، دەوڵەتی یاسا سێ کورسی، هێزەکانی دەوڵەت سێ کورسی، گردبوونەوەی ئەجیال 1 کورسی، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەی سابیئەی مەندایی کە ریاز عەبدولواحید شەلاکە بەدەستیهێنا.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتە خۆجێیەکانی لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، نەجەف، کەربەلا، سەلاحەدین، واست، بەسرا، زیقار، بابل، موسەنا، دیوانییە و میسان، پێکهێندرانن، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە، نەیانتوانیوە سەرۆک و جێگرانی و پارێزگار و جێگرانی هەڵبژێرن، رەنگە کەرکووک زەحمەتترینیان بێت، ئەوەش بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزیی پارێزگاکە و نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکانەوە.
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ـی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسندکرد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت