بەهۆی قەرەبوونەکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی حکومەتی عێراق تۆماردەکرێت

09-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەبارەی قەرەبوونەکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان، سكاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکرێت. سالار مەحموود، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان رایگەیاند، "سکاڵاکە ماوەیەکە بە هاوکاریی تیمێک لە پارێزەران کاری بۆ دەکەین، پشتئەستوورە بە دەستووری عێراق کە دەبێت گوژمەیەک لە داهاتی نەوت و داهاتی وڵات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لەلایەن ژرێمی پێشووی عێراقەوە تەرخانبکرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 09-02-2023، سالار مەحموود، شارەزا لە بوای جینۆساید و پەرلەمانتاری دوو خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی وردەکاریی سکاڵاکەوە بە رووداوی گوت، "سکاڵاکە کەسییە و پشتئەستوورە بە بنەمای دەستووریی عێراق، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانی ئەو کەیسە بجووڵێنن، بۆیە پرسێکی کەسییە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی باڵای فیدراڵی رێگە دەدات تاکەکەس سکاڵا لەسەر بابەتێکی گشتی بکات."
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، بڕیاردراوە لە کەیسەکانی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، راگواستنی فەیلییەکان و بارزانییەکان قەرەبووی قوربانییانی تاوانەکان بکرێنەوە، لە بەرامبەردا یاسا لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی زەرەرمەند لە تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق، تائێستا ئەم کەیسە نەبووەتە بابەتی گشتی و لە بودجەی ساڵانەی عێراق بڕەپارەیەک بۆ ئەو خەڵکە دیاری نەکراوە، بۆیە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو سکاڵاکە لە دادگەی فیدراڵی تۆماردەکەم."
 
سەبارەت بە پشتیوانیی یاسایی بۆ سكاڵاکەی، سالار مەحموود گوتی، "جگە لە دیباجەی دەستووری عێراق، ماددەکانی 112 و 132ـی دەستوور زۆر بەڕوونی پشتیوانیی سکاڵاکەم دەبن، لە یەکەمیاندا باس لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو دەکات و ئەوەی دووەمیشیان باس لە چاودێریکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەکات."
 
سالار مەحموود لەبارەی وردەکاریی و نێوەڕۆکی سکاڵاکەیەوە زیاتر گوتی، "راوێژم بە ژمارەیەک دادوەری بەتوانا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و کۆمەڵێک راوێژکاری بەتوانا لەپشتی کەیسەکەوەن. سکاڵاکە لەسەر حکومەتە، بەدیاریکراوی مەبەستمان ئەنجوومەنی وەزیرانە، دەبێت لە بڕیارەکە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە کێیە دەبێت ئەو خەڵکە قەرەبووبکاتەوە."
 
سالار مەحموود باس لەوە دەکات، "چاوەڕوانین دادگەکە تەماشای سکاڵاکە بکات و بڕیاری لەبارەوە بدات، بە هەزاران کەسمان هەن لە ئەنجامی ئەو تاوانانەی کە رژێمی پێشوو لە دژی ئەنجامیداون زەرەرمەندبوون، بە یاسا و دەستووریش ئەو مافەیان بۆ دەستەبەرکردوون، لەکاتێکدا نە حکومەتی کوردستان و نە حکومەتی ناوەندی ئەو ماف و شایستەیەی پێنەداون، لەکاتێکدا کەس سکاڵای تۆمارنەکردووە، بۆیە ئەرکی تاکەکەسی دێتە پێشەوە، بۆیە من وەکو تاکەکەس دوای دیراسەکردنێکی چەند مانگە و کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامە و دێکیۆمێنت، بڕیارم دا ئەو سکاڵایە تۆمار بکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سواڵکەرێک لە شەقامێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق رازی دەبێت مووچە بۆ سواڵکەر ببڕدرێتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رەزامەندی دەربڕی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بگرێتەوە دەرۆزەکەر(سواڵکەر)ن. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "بەشێک لەو سواڵکەرانە لەلایەن باندەکانی مافیاوە بەکاردەهێندرێن."