رووداو دیجیتاڵ
715 کەس لە کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلی رۆژئاواى کوردستانەوە گەڕێندرانەوە عێراق؛ ئەوە یەکەم کاروانى گەڕانەوەیە لەو کەمپەوە لە ساڵى 2025ـدا.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو کاروانە نوێیەى کەمپى هۆل رۆژی چوارشەممە (8ـی کانوونى دووەمى 2025) گەڕاونەتەوە."
دوایین کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش کە گەڕێندرابوونەوە عێراق، لە 9ـی تشرینى یەکەمى ساڵى 2024 بوو.
ئەم کاروانە 18ـەیەمینە کە بگەڕێنرێنەوە عێراق. عەلى جەهانگیر گوتى "کاروانەکە لە 193 خێزان پێکدێت کە 715 کەس بوون."
کەمپى هۆل لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستانە و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـیە. ئەو عێراقییانەی گەڕێندراونەتەوە، کەسوکارى ئەو چەکدارانەى داعشن کە کوژراون یان دەستگیرکراون.
لەکۆى نزیکەى 50 هەزار کەسی کەسوکارى چەکدارانى داعش کە لەو کەمپەدان، نزیکەى 20 هەزاریان عێراقین.
دواى گەڕاندنەوەیان؛ ئەو کەسوکارانەى چەکدارانى داعش دەبرێنە کەمپى جەدعە لە شارى موسڵ بۆ ئەوەى شیاندنەوەیان بۆ بکرێت، بەرلەوەى بگەڕێنرێنەوە زێدى پێشووى خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ