بەهۆی ئاگرەکەی دیوانیەوە، 12 بەرپرسی تەندروستی دەستپێلەکارکێشانەوەیان بۆ کرا

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاری دەستپێلەکارکێشانەوەی بۆ 12 کەس لە فەرمانگەی تەندروستیی دیوانیەوە دەرکرد بەهۆی ئەو ئاگرەی دوێنێ ئێوارە لە نەخۆشخانەی دیوانیە کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دیکە بۆ ئەو کەسانە دەردەچێت کە لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون یان هۆکار بوون بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکە.
 
رۆژی سێشەممە، 9-1-2024، ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاری بۆ دەستپێلەکارکێشانەوەی 12 کەس لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیوانیە دەرکرد.
 
بەپێی نووسراوەکە کە لەلایەن بەرپرسێکی پارێزگای دیوانیەوە پشتڕاستکراوەتەوە، وەزیری تەندروستی ئەمڕۆ نووسراوەکەی دەرکردووە و ئەوانەی دەستپێلەکارکێشانەوەیان بۆ کراوە بریتین لە:
 
- عامر موحسین حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دیوانیە بە وەکالەت.
- عەبدولئەمیر عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاریی تەندروستیی دیوانیە.
- حەسەن عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری هۆبەی مۆڵەتی ئەمنی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیوانیە.
- مورتەزا محەممەد جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی دیوانیە.
- عادل حەسەن مەرزوک، یاریدەدەری کارگێڕیی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی دیوانیە.
- عەقیل جەمیل واجد، بەرپرسی مۆڵەتە ئەمنییەکان لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی دیوانیە.
- ئەسعەد تەحسین عەبدولڕەزا، بەرپرسی بەرگریی شارستانی لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی دیوانیە.
 
لەگەڵ هەریەک لەم کەسانە کە لە نووسینگەی ئەندازیاریی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی دیوانیە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دیوانیە: 
 
- سەحەر مەهدی حەسەن
- محەممەد حوسێن داخل
- مەریەم عەدنان حاتەم
- محەممەد حوسێن رەحمان
- ئیبتیسام سابت فیرعۆ
 
رۆژی سێشەممە، 9-1-2024، فارس وەناس حەمزاوی، جێگری پارێزگاری دیوانیە، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی پارێزگاکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: لەماوەی سێ رۆژدا لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ئەنجامەکانی خۆی بۆ رای گشتی لەبارەی رووداوەکە ئاشکرا دەکات، لە لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت کێن ئەوانەی کەمتەرخەم بوون و ئەگەر روون ببێتەوە ئەوا لەسەر کار لادەبرێن."
 
دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاگر لە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی پارێزگای دیوانیە کەوتەوە و چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندیی بە ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستی و مەیسەم عەبدولئیلاه، پارێزگاری دیوانیەوە کرد و داوایکرد دەستپێلەکارکێشانەوە بۆ ئەو بەرپرسانە بکرێت، کە کەمتەرخەمن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی دیوانیە.
 
بەهۆی رووداوەکەوە، شەوی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەم ساڵح مەهدی حەسناوی گەیشتە پارێزگای دیوانیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە، ئەمڕۆش بەرپرسانی نەخۆشخانەی حوسێن کە منداڵ و نەخۆشخانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی بۆ براوە لە دیوانیە رایانگەیاند 35 منداڵیان بۆ براوە، کە تووشی هەناسەتەنگی بوون.