موقتەدا سەدر: دەسەڵات لای من نەعلێک ناهێنێت

 

رووداو دیجیتاڵ 

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت حیزبەکانی ئێستای عێراق یان گەندەڵن یان هاوپەیمانی گەندەڵن. دەشڵێت دەرکەوت شکستەکان بەهۆی رەوتی سەدرەوە نییە کە لە حکومەت کشاوەتەوە، هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان و پەیجەکانیان و دەڵێت، "هەندێک ئێستا هاتوون و داوای گۆڕانکاریم لێدەکەن لەکاتێکدا دژایەتییان دەکردم." سەدر داوا لە خەڵک دەکات لەسەر چاکسازی بەردەوام بن تەنانەت ئەگەر ئەویش مرد.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 9-1-2024، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی لەبارەی دوورکەوتنەوەی لە کایەی سیاسی و ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانەوە کرد، تێیدا دەڵێت: "دوای ئەوەی زۆربە پێیانوابوو بوونی رەوتی سەدری هۆکاری شکستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانە و ناکۆکی دەخاتە نێو حیزبەکانی حکومەتەوە، یان هەندێک پێیانوایە بەهۆی گەندەڵی لەنێو رەوتەکە و نەبوونی لەنێو حیزبەکانی دیکە، دوای کشانەوەمان، گەندەڵیی حکومەت و حکومەتی گەندەڵییان بۆ دەرکەوت."
 
موقتەدا سەدر لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی: "شکست، دواکەوتن، گەندەڵی، ملکەچی، هەژاری و ستەمکاری لەسەر ملی هەژاران و بڵاوبوونەوەی تیرۆری میلیشیایی و دەستبەرداربوون لە مافەکان و ئاگربەست لەگەڵ داگیرکەر، بەڵام هەندێکیان بۆیان روونبووەوە رەوتی سەدر بێبەرییە لەوەی دەخرایە پاڵی لە درۆ و دووڕوویی لە درۆزنەکان و پەیجەکانی ئاژاوە بانگەشەکارانی مەزهەب، لەکاتێکدا ئەوان قورئانیان لە پشتەوەیان بەجێهێشتووە و دووەم قیبلەی موسڵمانانیان [قودس] جێهێشت بۆ ئەوەی دەسەڵات و هەڵبژاردن دابەشبکەن، هەڵبژاردنێک گەل وازی لێهێناوە."
 
رێبەری رەوتی سەدر، کە ساڵێک و شەش مانگ دەبێت لەدوای کشانەوەی 73 پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمان، بایکۆتی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق کردووە، رەخنە لە لایەنە سیاسییەکان دەگرێت و دەڵێت: "مەبەستم هیچ لایەنێک نییە، بەڵام هەموو یان گەندەڵن یان لەگەڵ گەندەڵ هاوپەیمانن، تەنانەت ئەوانەشی پێشتر داوای چاکسازیان دەکرد یان هاوپەیمانمان بوون."
 
موقتەدا سەدر لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت خۆی لە ملکەچیی دەرەکی و ناوخۆ پاراستووە و لەگەڵ داگیرکەر رێکەوتنی نەکردووە وەکو چۆن لەگەڵ بەعسی و تیرۆریست نەیکردووە، دژی گەلەکەی نەوەستاوەتەوە و نەوتی نەدزیوە و مافی گەلیشی نەخواردووە.
 
موقتەدا سەدر، سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لەو کەسانەی دوێنێ سەیریان لێدەهات زوو زوو  بێدەنگ دەبێت و دواتر قسە دەکاتەوە، کەچی ئەمڕۆ داوای لێدەکەنەوە قسە بکات، دەشڵێت: "بەڵێ داوام لێدەکەن گۆڕانکاری بکەم دوای ئەوەی وازیان لێهێنام و لێم دوورکەوتنەوە و لە شۆڕشی چاکسازی و خێوەتی سەوزی دوورکەوتنەوە و گومانی خراپیان پێبردم، وایانزانی من داوای دەسەڵات یان حوکمڕانی دەکەم، خوا لە دەسەڵاتی گەندەڵ، پەنام بدات."
 
رێبەری رەوتی سەدر لە بڵاوکراوەکەیدا نموونەی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی راشیدەین دەهێنێتەوە کاتێک لەگەڵ کەسێکدا باسی دەسەڵاتی کردووە و گوتوویەتی لای ئەو نەعلێک ناهێنێت، سەدریش دەڵێت: "داوای شەڕکردنم لەگەڵ گەندەڵکاران و ریشەکێشکردنیان مەکەن، ئایا شەڕ لەسەر دەسەڵاتێک بکەم کە نەعلێک ناهێنێت."
 
لە کۆتاییدا موقتەدا سەدر دەڵێت لەسەر رێبازی باوکی رۆیشتووە و گەلەکەی لەخۆی رازی کردووە و ویژدانی ئاسوودە کردووە، چونکە دژایەتی داگیرکاری کردووە و داوای چاکسازی کردووە بەبێ رژانی هیچ خوێنێک، جگە لە بەرگریکردنی لە پیرۆزییەکان. دەشڵێت: "هەتا زیندوو بووم لەگەڵ چاکسازیدا و دژی گەندەڵی دەبم و هەرکاتێک میللەتەکەم لە دژم وەستانەوە وەکو چۆن لە کاتی دژایەتیکردنی داگیرکەر لە نەجەف کردیان، ئەوا بێدەنگ دەبم و ئەوان زەرەر دەکەن."
 
دەشڵێت: "لەسەر چاکسازی بەردەوام بن ئەگەر موقتەدا سەدریش مرد، لە گەندەڵیش دووربکەونەوە، ئەگەرنا لەگەڵیدا حەشر دەکرێن، ئەو کات پەشیمانی دادتان نادات."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی پەرلەمانی عێراق بوو بە هێزی یەکەم، لە رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2022، کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی راگەیاند و لەو کاتەوە جار جار داوای خۆپێشاندان و نوێژی یەکگرتوویی دەکات.