ساڵی 2023 عێراق زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە هێڵی ئینتەرنێتی راگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
پێگەی تۆپ10 ڤی پی ئێن، توێژینەوەیەکی لەسەر زیانە ئابوورییەکانی راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت و بلۆککردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە، بەهۆی راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت، زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی وڵاتان گەیشتووە.
ئەو پێگە نێودەوڵەتییە، لە توێژینەوەکەیدا کە لەم رۆژانەدا بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، پار لە 25 وڵات هێڵی ئینتەرنێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە راگیراوە و عێراقیش لە پێشەنگی جیهاندایە.
پار حکومەتی عێراق 66 جار هێڵی ئینتەرنێتی راگرتووە و زۆربەی راگرتنەکانیش بەهۆی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی قوتابیان بووە و مەبەست رێگریکردن بووە لە گزیکردن.
لە ساڵی 2023دا، لە عێراق 465 کاژێر هێڵی ئینتەرنێت یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگیراون، کە 185 کاژێری بە تەواوەتی هێڵی ئینتەرنێت راگیراوە و 280 کاژێریش یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بلۆککراوە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت زیاتر لە 328 ملیۆن دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە و کاریگەریشی لەسەر کاروباری زیاتر لە 20 ملیۆن عێراقی کردووە.
توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە، راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت، کاریگەریی لەسەر 747 ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهاندا هەبووە. ئەوە لەکاتێکدایە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، زۆرترین پێگەی کۆمەڵاتییە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بلۆککرابێت و پار 10 هەزار و 683 جار بلۆککراوە، ئەمەش لەسەدا 18 زیاتر بووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و لەسەدا 26یش لە تیکتۆک زیاتر بووە.
لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت، لە توێژینەکەدا بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان گەیشتووە کە رووسیا بە چوار ملیار دۆلار زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. لە پلەی دوو، ئەسیوپیا دێت کە 1.5 ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە و لە پلەی سێیەمیش ئێرانە کە 920 ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە.
هەروەها توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە لەسەدا 50 هۆکاری راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت لە جیهاندا، سنووردارکردنی ئازادییەکانی تاک و مافەکانی مرۆڤ بووە بەتایبەتی لەکاتی هەوڵی هاووڵاتیان بۆ خۆپێشاندان و گردبوونەوە.
بەراورد بە 2022، لەو ساڵەدا 114 جار لە جیهاندا هێڵی ئینتەرنێت راگیراوە و زیانی زیاتر لە 24 ملیار دۆلاری بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.