ئەمریکا هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد پووچەڵ دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە گوندێکی سەر بە ناحیەکەیان ئۆتۆمبێلێک کە سەکۆیەکی هاوێشتنی مووشەک و ژمارەیەک مووشەکی لەسەربووە و ئامادەکرابوون بۆ ئاڕاستەکردنیان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، بە درۆنێکی ئەمریکی تێکشکێندرا.
 
رۆژی سێشەممە، 9-1-2024، شەرحەبیل عوبەیدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی سەر بە قەزای هیت لە پارێزگای ئەنبار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێکی ئەمریکی هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکاب کە ژمارەیەک مووشەکی هەڵگرتبوو و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە تێکشکا و مووشەکەکان لەنێوبران."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی گوتی: "ئەو مووشەکانە لەسەر ئۆتۆمبێلێک لە گوندی مسەیفی سەر بە ناحیەی بەغدادی جێگیرکرابوون و ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بکرێن، بەڵام ئاشکرابووە و لەنێوبراون."
 
بنکەی عەین ئەسەد، یەکێکە لە گەورەترین ئەو بنکە سەربازییانەی لە عێراقدا هێزەکانی هاوپەیمانی شەڕی دژ بە داعشی تێدایە، بەتایبەت هێزەکانی ئەمریکا، ماوەیەکە بە چڕی لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی شیعەکانەوە دەکرێتە ئامانج، بنکە سەربازییەکە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە ناحیەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبارەوە دوورە.
 
لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە خۆیان بە بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لەرێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج و بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە 17 تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 120 جار لەلایەن ئەو گرووپانەی ئێران پشتگیریان دەکات، کراونەتە ئامانج، لە بەرامبەردا ئەمریکا هەشت جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو گرووپانە.