ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکاتەوە

09-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات، ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانانی دەستپێدەکاتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتاران لە پارێزگاکانیانەوە گەڕاونەتەوە بەغدا و ژمارەیەک لە لیژنەکان دەستبەکاردەکەنەوە، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت "هەوڵدەدرێت لە نزیکترین کاتدا سەرۆکێک بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت و لەماوەی دوو هەفتەدا کارەکانی پەرلەمان ئاسایی ببنەوە."
 
رۆژی سێشەممە 9-1-2024، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند ئەمڕۆ سەرەتای وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراقە، پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ لیژنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەست بە کار و کۆبوونەوەکانیان بکەنەوە.
 
عارف حەمامی دەشڵێت "بڕیارە لە ماوەکانی داهاتوودا پەرلەمان تاوتوێی ژمارەیەک پرسی گرنگ بکات، لەنێویاندا رەشنووسی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، یاسای لێبووردنی گشتی کە کێشمەکێشی لەسەرە، هەروەها رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سەرباری ئەوانە، بابەتی بەپەلە؛ رەشنووسی بڕیارێکە بۆ پابەندکردنی حکومەت بە دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
 
رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2024، هەریەک لە موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا رۆژی 9ـی ئەم مانگە فراکسیۆن و لیژنەکان دەست بە کارەکانی یاسادانان و چاودێرییان بکەنەوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد وادەیەک بۆ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دیاری دەکەن بۆ تەواوکردنی بەرکەوتەکانی یاسادانان و چاودێریی، جگە لە دیاریکردنی کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
 
لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت