هیچ گەرەنتییەک نییە ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن

09-01-2022
ئاسۆ فیشەگی
ئامادەکاری بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق
ئامادەکاری بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پێکهێنانی حکومەتی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9-1-2022 خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات و لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات و دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا بەپێی دەستوور دەبێ هەموو بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستانە ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمان بن.
 
ئەوانەی کە هەردوو هاوپەیمانییە گەورەکەی سوننە دەڵێن بەربژێر دەبن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بریتین لە؛ محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکی گەورەترین هاوپەیمانی سوننەیە، لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرکردەی هاوپەیمانی عەزم و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان. شەوی رابردوو بە دەنگی 67 پەرلەمانتاری سوننە محەممەد حەلبووسی بووە بەربژێری فەرمیی سوننە، بەڵام هێشتا بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی عەزم پشتیوانیی مەحموود مەشهەدانی دەکەن. 
 
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەربژێرکردنی حەلبووسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوە چانسێکی گەورەیە و نزیکەی مسۆگەربوونە بۆ حەلبووسی" بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆکی پەرلەمان. 
 
سەبارەت بە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر بەشیر حەداد دەڵێت؛ ئەو پۆستە بۆ کوردە و بەندە بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق؛ بۆیە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لەو پۆستانە ببات ئەوا پۆستەکەی دیکە بۆ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.
 
چەند پەرلەمانتارێکی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەربژێر دەکەن. موسەننا ئەمین، بەربژێری سەرکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەناوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە رایدەگەیێنم کە خۆم کاندید دەکەم بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."
 
پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشتر لەلای پارتی بووە، ئێستا پارتی سێ ناو دەهێنێت بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کە بریتین لە: محەممەد سدیق، ڤیان سەبری و شاخەوان عەبدوڵڵا.
 
ئەوەی ماوەتەوە پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، کە بەپێی نەریتی سیاسی بۆ شیعە دەبێت؛ بەمەرجێک ئەو پۆستە بەند دەبێت بە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، واتا پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ بەهێزترین و گەورەترین لایەنی شیعە دەبێت و پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ دووەم گەورەترین لایەنی شیعە دەبێت.
 
ئەمڕۆ وادەی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی لەم دانیشتنەدا یەکلایی بکرێنەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.