رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوەدەکات لە هەموو پارێزگاکاندا، شاری نیشتەجێبوون بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی دروستدەکەن و گوتەبێژى میحوەرى باکووری حەشدى شەعبى دەڵێت، چاوەڕێی گەیشتنی نووسراوەکەن و بەپێی پێویست شاری نیشتەجێبوون لە کەرکووک، تەلەعفەر و شنگالیش دروستدەکەن.
فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەکاتی سەردانیدا بۆ پارێزگای بەسرە رایگەیاند، دەستەی حەشدی شەعبی بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان شاری نیشتەجێبوون بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکاندا دروستدەکات. سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا ئەو پرۆژەیە لە هەردوو پارێزگای بەغدا و بەسرە جێبەجێدەکرێت.
عەلی حوسێنی، گوتەبێژى میحوەرى باکوورى حەشدى شەعبى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ دروستکردنی ئەو شارانە، دەستەی حەشدی شەعبی، هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات، بۆ ئەوەی لە شارەوانییەکاندا زەوی نیشتەجێبوون تەرخانبکەن، هەر کاتێک بە فەرمی نووسراوەکە لە دەستەی حەشدی شەعبی بە دەستیان بگات، ئەوا کاری لەسەر دەکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
گوتەبێژى میحوەرى باکوورى حەشدى شەعبى ئاماژەی بەوەکرد، ئەوکات لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا لەوانەش تەلەعفەر و شنگال، بەپێی پێویست ئەو شارانە دروست دەکرێن.
لەبارەی دروستکردنی ئەو شارانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەگەری دروستبوونی کێشەی زیاتر، گوتەبێژى میحوەرى باکوورى حەشدى شەعبى، بە دووری زانی هیچ کێشەیەک دروستبێت، چونکە وەک ئەو باسی کرد، ئەمە کارێکی مرۆییە، ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی خوێنیان داوە، بۆیە مافێکی خۆیانە شوێنی نیشتەجێبوونیان هەبێت.
نزیکەی دوو هەفتەیە مشتومڕێکی تووندی سیاسی و جەماوەری لە عێراق لەبارەی چالاکیی گرووپە ئایینییەکان بە یاوەریی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای موسڵ سەری هەڵداوە. گرووپە ئایینییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن دەستیان کردووە بە رووپێوی و دۆزینەوەی "رێگەی کەنیزەکەکان" کە لە گێڕانەوە مێژووییەکانی "ئەلتف" لە کەربەلا کراوە کە دواتر رووداوەکانی نێوان عێراق و شامی بەدوادا هاتووە.
بکەرانی پرۆژەکە باس لەوە دەکەن ئامانجیانە رێڕەوی ھاتووچۆی کاروانەکە بدۆزنەوە کە بەرەو شام بە رێ کەوتووە و ناویان ناوە پرۆژەی رێگەی کەنیزەکەکان کە لە ئەنجامی ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو رێڕەوە و ھەروەھا بانگەشەی دۆزینەوەی مەزارگە و پێگە تایبەتەکان بە رووداوە مێژووییەکانیان بەدرێژایی رێگاکە مشتومڕێکی مێژوویی لێکەوتووەتەوە.
لە بەرامبەردا بەھۆی ئەو چالاکییانەوە بەشێک لە ھێزە سیاسییەکانی عێراق ترسیان لێنیشتووە و ھۆشداریی مەترسییەکی جیددی لە بوونی پلانی گۆڕینی دیمۆگرافی دەدەن، بەتایبەتی کە بابەتەکە پەیوەندیدارە بە بەشێک لە مێژووی شارەدێ و گوندە عەرەبی، کریستیان و ئێزیدییەکانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ