چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق: رێز لە سەروەری و ئیرادەی گەلی سووریا دەگرین
رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرۆکایەتیی عێراق و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا کۆبوونەوە، جەختیان لە رێزگرتن لە سەروەری و ئیرادەی گەلی سووریا کرد. تیشکیان خستەسەر گرنگیدان بە رێکارە ئەمنییەکانی سەر سنوور و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی عێراق لە سووریا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەبارەی کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکە و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پەیامێکی بڵاوکردەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردنی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و کۆنترۆڵکردنی سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەسەر بانگهێشتی دکتۆر عەبدولـلەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە کۆشکی بەغدا ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران؛ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رەنگدانەوەی ئەمنی و سیاسیی پێشهاتەکانی سووریا لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و تەواوی ناوچەکە کرا. جەخت لە بەدواداچوونی دۆخی هاووڵاتییانی عێراق لە سووریا و گەرەنتیکردنی گەڕاندنەوەی خۆویستانەی هاووڵاتییان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی ئەو رێکارە ئەمنییانە خرایەڕوو کە بۆ پاراستنی خاکی عێراق لە لێکەوتەکانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە سووریا گیراونەتەبەر. هەمووان کۆک بوون لە تۆکمەکردنی زیاتری رێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکان لەسەر سنووری عێراق-سووریا. هاوکات پشتیوانییان بۆ رێکارە حکومییە پەیوەندیدارەکانیش کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی دڵنیایی ئاراستەی گەلی عێراق کرا کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی خاک و سەروەریی عێراق و سەلامەتی هاووڵاتییان بۆ هەر هەڕەشەیەکی لەناکاو.
پێداگری لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کرا لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزی نیشتمانیی و سەقامگیری سووریا و رێزگرتن لە سەروەرییەکان و ئیرادە و بژاردەی گەل بۆ ئەوەی لە ئارامی و ئاشتیدا بژین. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرا پشتیوانی جدی لە سەقامگیری ناوچەکە بکەن.
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە هەڵوێستی سیاسیی یەکگرتووی عێراقیان دووپاتکردەوە لە دانانی نەخشەڕێگەی نوێ بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان عێراق-سووریا و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دۆست لەم قۆناخەدا.