عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیرووت راگرت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیرووت بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سۆنگەی سووڕبوونیان بۆ پاراستنی گەشیاران، کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقییە بەشێوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان بەغدا- بەیرووتی راگرت، لەنێویشیاندا گەشتی گەڕانەوەی ئەو لوبنانییانەی کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بە خۆڕایی دەیانگەڕێننەوە وڵاتەکەیان.
مەیسەم سافی هۆکارەکەی بۆ ئەو دۆخە ئەمنییە گەڕاندەوە کە لە ئاسمانی سووریادا هەیە و رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ گەشتەکانی نێوان عێراق و بەیرووت.
سەبارەت بە گەشتی دیمەشق، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتیی راستەوخۆی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق نییە و چەند مانگێکە گەشتەکانی راگرتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
بەهۆی کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد و ئاڵۆزی لەو وڵاتە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر هەڵوەشێندرانەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر هەڵوەشێندرانەوە".
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دەبووایە لە کاژێر 20:00ـی ئەمشەو فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بگاتە هەولێر و دوای کاژێرێک فڕۆکەیەک لە هەولێرەوە بەرەو دیمەشق بچێت.
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، ئەمڕۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتە راگەیاند.
هەروەها چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقیان کۆنتڕۆڵکرد.